دانە گاز بۆ رووداو: رێککەوتنی کۆتایی بۆ فرۆشتنی گاز بە وەزارەتی کارەبای عێراق نەکراوە

11-06-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای دانە گاز لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایدەگەیێنێت، هێشتا رێککەوتنی کۆتایی بۆ فرۆشتنی گازی زیادە بە وەزارەتی کارەبای عێراق نەکراوە؛ دووپاتیشی دەکاتەوە لە ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ هەر لایەک بۆ دابینکردنی گاز، لەسەر حسابی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی گاز بۆ کارەبای کوردستان نابێت.
 
رۆژی سێشەممە، 11ـی حوزەیران گوتەبێژێک بەناوی کۆمپانیای دانە گاز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان وەکو کۆمپانیایەکی گشتی، هەر پێشهات و گۆڕانکارییەک لە کاروبارەکانیان لە هەرێمی کوردستان هەبێت، بە فەرمی هەموو لایەک ئاگادار دەکەنەوە،  ئەوەش دوای ئاگاداركردنەوەی  حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
گوتەبێژەکەی دانە گاز زیاتر باس لە پلانی کارکردنیان دەکات: "وەکو کۆمپانیایەکی گشتی، دانە گاز هەموو پێشهاتێک لە کاروبارەکانی بە فەرمی رادەگەیێنین، بێگومان دوای ئاگاداركردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەر هەنگاوێک بۆ فرۆشتنی گازی زیادە بە وەزارەتی کارەبای حکومەتی فیدراڵ یان هەر لایەنێکی دیکە لە داهاتوودا، هیچ کاریگەریی لەسەر دابینکردنی ئەو بڕە گازە نابێت کە بۆ کارەبای هەرێمی کوردستان تەرخان دەكرێت
 
لێدوانەكە لە كاتێكدایە لە 6ى نیسانى 2024 لە باڵەخانەى وەزارەتى کارەبای عێراق کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیای نەفت هیلالی ئیماراتی لە بارەى نرخى ئەو گازە وشکەى عێراق بەنیازە بیكڕێت بۆ ئەوەى بگوازرێتەوە بۆ وێستگەى گازى کەرکووك كراوە. 
 
رووداو زانیویەتی، لەو کۆبوونەویەدا کۆمپانیاى نەفت هیلال پێشنیازی کردووە گازەکەى بەگوێرەى یەکەى گەرمى بەریتانى لێ بکڕدرێت، کە بۆ یەک ملیۆن ئەو یەکەیە 3.5 دۆلارى پێبدرێت. بەپێی ئەو پێوەرە بەریتانییە بەرهەمهێنانی یەک مێگاوات کارەبا پێویستی بە 12 دۆلارە.
 
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 22ى ئايار رەزامەندى دەربڕى 100 ملیۆن پێ سێجا گازى لە کۆمپانیاى نەفت هیلال بکرێت بۆ ئەوەى لە بەرهەمهێنانى کارەبا بەکارى بهێنێت.
 
کۆمپانیاى نەفت هیلال داواى کردووە لە باج و رسومات و پێشکێشکردنى راپۆرتى ئەرێنیى ئەدا، ببەخشرێت، کە لە رێنماییەکانى جێبەجێکردنى گرێبەستەکانى ساڵى 2014 هاتووە.
 
نوێنەرانى وەزارەتى کارەبا لە کۆبوونەوەکەدا داوایان لە کۆمپانیاى نەفت هیلال کردووە گازەکەی بە نیوەی نرخی ئەو گازە پێ بفرۆشن کە لە ئێرانی دەکڕن، بەڵام کۆمپانیاکە داوای 60٪ی نرخی گازی ئێرانی کردووە و پێی راگەیاندوون ئەو نرخەى دایانناوە نرخى "کۆتاییە". 
 
دواتر ئەنجوومى وەزیران لە 9ى ئایار، رەزامەندى داوە لەسەر پێشنیازەکانى راسپاردەى وەزارەتى کارەبا لە بارەى نرخى گازەکەى کۆرمۆر. 
 
حکومەت باج و رسومات دابەش دەکات 
 
بەگوێرەى نووسراوى فەرمى ئەمیندارێتى گشتى ئەنجوومەنى وەزیران کە لە 22ى ئایار دەرکراوە، وردەکارى بڕیارى رەزامەندى تێدایە لە بارەى گرێبەستى نێوان وەزارەتى کارەبا و کۆمپانیاى نەفت هیلال.
 
لە بڕیارەکەدا هاتووە، وەزارەتى کارەبا گرێبەستەکە واژۆ بکات بەو مەرجەى نەفت هیلال باج بدات و وەزارەتى کارەبا رسوماتى ئەو گرێبەستە بگرێتە ئەستۆ.
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لەو پرسە بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند: "رەزامەندیى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەرگیراوە بۆ ئەو گرێبەستە، بەڵام کۆمپانیاى نەفت هیلال بە وەزارەتى کارەباى فیدراڵى رایگەیاندووە کە تاوەکو دواى وەرزى هاوین گرێبەستەکە واژو ناکات."
 
رۆژی دووشەممە، 10-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە حەمید جەعفەر دامەزرێنەر و سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی گرووپی کۆمپانیاکانی ئەلهیلال کرد.
 
مەسرور بارزانی لە فەیسبووک نووسیویەتی: "گفتوگۆمان لەبارەی کار و پڕۆژەکانی گرووپەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و جەختمان لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشی ژێرخانی ئابووری و وزە کردەوە."
 
بەگوێرەى کۆنووسى وەزارەتى کارەبا، دەستپێکردنى گرێبەستەکە لەگەڵ ناردنى گازى کۆرمۆر دەبێت بۆ وێستگەى کەرکووک.
كۆمپانیای نەوتی هیلال و كۆمپانیای دانەگاز لە چوارچێوەی كۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆم گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە كێڵگەی كۆرمۆر.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە