بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی: 15 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە

11-06-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 15 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی سنوورەکە وەرگیراوە. دەشڵێت: بڕیارە بەم نزیکانە بەغدا بڕی 20 ملیار دیناری دیکە بۆ پارەی گەنمی جووتیاران بنێرێت.
 
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی، میوانی پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی بوو کە هەفتانە ئاسۆ سەراوی پشێکشی دەکات رایگەیاند، ئەم ساڵ یەک ملیۆن و 193 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین کراونەتە دانەوێلە.
 
گوتیشی، بۆ ئەم ساڵ لەو 700 هەزار تۆن گەنمەی کە بەغدا لە هەرێمی کوردستانی وەردەگرێت، بڕی 282 هەزار و 660 تۆن گەنمی لە سنوورەکەی ئەوان دەبێت کە رێژەی 40٪ی هەرێمی کوردستان دەکات، کە ئەم رێژەیەش بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین دەبێت و رێگەی شەش سایلۆ؛ پیرمەگروون، چەمچەماڵ، رانیە، سەیدسادق، هەڵەبجە و کەلار گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت.
 
نەسرین ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد: "بەغدا لە هەر دۆنمێک زەویی چێنراو بە گەنم بڕی 236 کیلۆگرام لە جووتیاران وەردەگیرێت، لەکاتێکدا لەبەغدا و ناوچەکانی دیکە وەرگرتنی گەنم کراوەبووە."
 
لەبارەی دەستپێکردنی وەرگرتنی گەنم گوتیشی، لە رۆژی 6ی حوزەیرانەوە، لە پیرەمەگروون، چەمچەماڵ، رانیە و سەیدسادق دەستکراوە بەوەرگرتنی گەنم و لەرۆژی یەکشەمەوە لە کەلار دەستیپێکردووە و دوێنێش لە هەڵەبجە دەستی پێکردووە.
 
گوتیشی، رۆژانە نزیکەی 80 بارهەڵگر گەنم وەردەگیرێت و تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ 15 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراون و وەرگرتنی گەنم بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کشتوکاڵی ناوچەکان دەبێت و بەنۆرە گەنمی جووتیاران وەردەگرێت.
 
لەبارەی خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی دەڵێت: "پێش دەستپێکردنی وەرگرتنی گەنم بڕی سێ ملیار دینارمان بۆ هاتووە وەکو پێشینەی یەکەم و بڕیارە بەمنزیکانە بەغدا بڕی 20 ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیاران بێت کە 10 ملیاری بۆ پارێزگای سلێمانییە و دابەشی دەکەین بەسەر سایلۆکاندا."
 
لەبارەی پشووی رۆژانی جەژن و کارکردنی سایلۆکان، ئاماژەی بەوەکرد، بێجگە لە رۆژانی هەینی، هەموو رۆژێک لە کاژێر 8:30 بۆ کاژێر 5:00ی ئێوارە کاردەکەن، بۆ جەژنیش تەنیا یەکەم رۆژ و دووەم رۆژی جەژن پشوویان دەبێت.
 
لەبارەی پشکنین و رەتکردنەوەی ئەو گەنمانەی لە پشکنین دەرناچن، گوتی: "ئەو گەنمەی هی ساڵانی رابردوو بێت لە پشکنین دەردەکەوێت و وەرناگرێت، هەروەها ئەو گەنمانەی کە بڕشتی باش نییە و لە پشکنین دەرناچن رەتدەکرێنەوە، بەشێوەیەک لە رۆژانی رابردوودا 10 بارهەڵگر گەنم رەتکراونەتەوە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی

بۆچى پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێش سەری ساڵ نەنێردرا؟

نەناردنى ئەو پارەیە پێش کۆتایی ساڵ، پەیوەندیی بە کێشەى نەختینەوە هەبووە لە هەژمارى وەزارەتى دارایی عێراق دا، ئەویش بەهۆى زیادبوونى خەرجییەکانى لەکۆتایی ساڵدا، کە تەنیا خەرجییەکانی مانگى تشرینى یەکەم، بەراورد بە مانگەکانی پێشتر 50% زیادیان کردووە.