بانکی ناوەندیی ئێران: ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران 180 ملیار دۆلارە

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ کاروباری ئابووری رایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئەو وڵاتە لە ساڵێکدا 180 ملیار دۆلار بووە، باڵانسی بازرگانیش 20% لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتەدا بووە.
 
محەممەد شیریجیان، جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ کاروباری ئابووری دەڵێت، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئێران لە ساڵی رابردوودا بایی 100 ملیار دۆلار کەلوپەلی هەناردە کردووە، کە بەراورد بە ساڵێک پێشتر 3% زیادیکردووە.
 
محەممەد شیریجیان ئاماژەی بەوەش کرد، لەو ماوەیەدا هاوردەی ئێران 80 ملیار دۆلار بووە، کە بەراورد بە ساڵی پێشتر، 6.2% زیادیکردووە.
 
جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ کاروباری ئابووری ئاماژەی بە باڵانسی بازرگانیی ئێرانیش کرد و گوتی، باڵانسی بازرگانی 20% لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتەدا بووە و بڕەکەی 20.5 ملیار دۆلارە.
 
پێشتر گومرگی ئێران رایگەیاندبوو، لە ساڵێکدا (21-03-2023 تاوەکو 21-03-2024) قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئەو وڵاتە 153 ملیار دۆلار بووە، 64.3ی هاوردەی کەلوپەل بووە و بایی 86.9 ملیار دۆلاری هەناردە بووە.