100 دۆلار بۆ سەرووی 147 هەزار دینار بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ 100 دۆلار لە کاتی مامەڵەکانی رۆژدا بە زیاتر لە 147 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکراوە، بەڵام لە کاتی داخستندا بۆ نزیکەی 147 هەزار دینار دابەزی. گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش دەڵێت، دوای جەژنی قوربان بەهای دینار بەرزدەبێتەوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 147 هەزار و 200 دینار بووە.
 
لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا بەیانیی ئەمڕۆ 100 دۆلار لە سلێمانی بە 146 هەزار و 950 دینار بووە.
 
پێش داخستنی بازاڕ و لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا، 100 دۆلار گەیشتبووە ئاستی 147 هەزار و 550 دیناریش.
 
لە هەولێریش بەهای دینار بەردەوامە لە دابەزین؛ لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 147 هەزار و 200 دینار بووە. لە کاتی کردنەوەی بازاڕیشدا بە 147 هەزار دینار بووە.
 
وەک حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ 100 دۆلار گەیشتە ئاستی 147 هەزار و 600 دیناریش، بەڵام لە کاتی داخستندا دابەزی.
 
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، بێبەشکردنی 197 کۆمپانیاکە لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار.
 
وەک ئەو دەڵێت، بێبەشکردنیان لە دۆلار، کۆمپانیاکان ناچار دەکات لە بازاڕ دۆلار بکڕن، ئەوەش خواست لەسەر دۆلار زیاد دەکات.
 
بەپێی گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، دوو هۆکاری دیکەش هەن بۆ دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار؛ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان و گەشتکردنی هاوڵاتییان و، پێنەدانی دۆلار بە بەهای فەرمی بە حاجییان.
 
وەک گوتەبێژەکە باسی دەکات، مەرج نییە هەموو گەشتیارێک دۆلاری بە بەهای فەرمی پێبدرێت و، بەپێی ئاگاداریی ئەوانیش، نزیکەی 2 هەزار حاجیی کورد دۆلاریان بە بەهای فەرمی پێنەدراوە.
 
دەشڵێت، دوای جەژن بە ئەگەری زۆرەوە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و بەهای دینار بەرزدەبێتەوە، بەتایبەتیش ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق کۆمپانیای دیکە سزا نەدات و خستنەڕووی دۆلار کەمنەکاتەوە.
 
رۆژی 30-05-2024 بانکی ناوەندیی عێراق بە نووسراوی فەرمی 197 کۆمپانیای قەدەخە کرد بچنە نێو دەروازەی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی. لە دوای ئەوکاتەوە بەهای هەر 100 دۆلارێک نزیکەی 2 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.