نرخی بیتکۆین نزیکەی 3 هەزار دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ترس و نیگەرانییەوە نرخی بیتکۆین نزیکەی 3 هەزار دۆلار دابەزی.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی بیتکۆین 2 هەزار و 801 دۆلار دابەزی. هەر بیتکۆینێک بە 66 هەزار و 751 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمە نزمترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە 17ـی مانگی رابردووەوە. نیگەرانی و ترسی وەبەرهێنەران لە داتا هەستیارەکانی سبەی ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی بیتکۆینە.
بەهۆی ترس لە مامەڵەکانەوە، وەبەرهێنەران 93 ملیۆن دۆلاریان لە مامەڵەکان دەرهێناوە.
سبەی چوارشەممە کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر، ئاماری هەڵاوسان بۆ مانگی ئایاری ئەم ساڵ لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە. لە مانگی نیسان رێژەکە 3.4٪ بووە.
زیادبوونی رێژەکە هیواکان بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە ئەم ساڵدا کەمدەکاتەوە. دابەزینیشی هیواکان زیاد دەکات بەوەی لە کۆبوونەوەی مانگی ئەیلوولدا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود بکات.
کاژێر 21:00ـی هەمان رۆژ، کۆبوونەوەی دوو رۆژەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆتایی دێت و بڕیاری خۆی لە بارەی رێژەی سوود رادەگەیێنێت.
ئێستا رێژەی سوود لە ئەمریکا 5.5٪ـە کە بەرزترین ئاستە لە 23 ساڵی رابردوودا.
زۆرینەی پێشبینییەکان بە ئاراستەی هێشتنەوەی رێژەکەن لە 5.5٪، بەڵام ئەوەی سەرنجەکانی بەلای خۆیدا بردووە گوتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە لە کاژێر 23:30ـی سبەی شەو.
هەر ئاماژەیەکی پاوڵ بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە ئەم ساڵدا، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی دۆلار دادەنێت، ئەوەش لە بەرژەوەندیی بیتکۆین، زێڕ، کانزا و پشکەکان دەبێت. بە پێچەوانەشەوە.
ئاناند گۆمێز، هاوبەشی دامەزرێنەری سەکۆی پارادایم بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت: "بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان وەکو ئالودەبووێک وایە کە بەردەوام پێویستی بە هەواڵی ئەرێنی تاوەکو لە نرخێکی بەرزدا بمێنێتەوە. بۆیەش کاتێک هیچ هەواڵێک [ـی ئەرێنی] نەبێت، رێڕەوی کەمترین بەرگریش لاوازە."