بڕگەی هەشتی مادەی 14ـی رەشنووسی بودجە؛ ناکۆکییە پەسندکراوەکەی نێوان یەکێتی و پارتی

11-06-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن بودجەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق هەر هەشت بڕگەکەی مادەی 14ـی رەشنووسی بودجەی پەسندکرد، بڕگەی هەشتەمی مادەکە ناکۆکیی خستە نێوان یەکێتی و پارتی، پارتی پێیوایە رەشنووسی کۆتایی ئەوە نەبووە کە رێککەوتنی لەسەر کرابوو، یەکێتیش دەڵێت: ئەو بڕگەیە یەکێک بوو لە دوو پێشنیازەکەیان. بڕگەی هەشتەم بۆ ماوەی زیاتر لە کاژێرێک کۆبوونەوەکەی دواخست، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی فراکسیۆنی پارتیش کۆبوونەوەکەیان جێهێشت.
 
شەوی شەممە، 10-6-2023 کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسندکردنی ئەو مادانەی لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق ماون مادەی 14ـی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و مادەکانی دیکە، کۆبووەوە، شەوێکی درێژ وەکو دوو شەوی پێش خۆی.
 
مادەی 14 کە تاوەکو پەسندکردنی زیاتر لە پێنج جار نووسرایەوە، چوار جار لە لیژنەی دارایی پەرلەمان و لە گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان گۆڕانکاری تێداکرا، یەکێکە لەو مادانەی زۆرترین ناکۆکیی لەنێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر بوو، ئەو ناکۆکییە کاردانەوەی لەسەر شۆڕبوونەوەی ناکۆکییەکان بۆ نێو لایەنە شیعەکان و فراکسیۆنە کوردستانیش دروستکرد.
 
پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنی پارتی و سێ فراکسیۆنەکەی دیکە "یەکگرتوو، نەوەی نوێ، کۆمەڵ"، جگە لە یەکێتی، ئاماژەیان بۆ لابردنی بڕگەی تایبەت بە مامەڵەکردنی راستەوخۆی حکومەتی عێراق لەگەڵ هەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان و بڕینی بەشەکەی لە پشکی کوردستان و راستەوخۆ ناردنی پشکەکەی دەکرد، بەڵام فراکسیۆنی یەکێتی رەتیدەکردەوە.
 
لە کۆبوونەوەی شەوی پێشتریشدا هادی عامری، نوێنەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە فراکسیۆنی پارتیی گوتبوو ئەو بڕگەیە لەنێو رەشنووسەکە لادەبرێت.
 
لەکۆبوونەوەی شەوی شەممەی پەرلەمانی عێراق بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەیریان بە مانەوەی دەقی ئەو بڕگەیە هات، بۆیە ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی و د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لابردنەوەی بڕگەکەیان کرد و بە هەوڵێک بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان ناوهێنا، بۆیە کۆبوونەوەکەیان بەجێهیشت، دوای ماوەی زیاتر لە کاژێرێک، کۆبوونەوەکە دەستی پێکردەوە.
 
سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی ئەوەی، ئەو شەوە روویدا بە رووداوی گوت: "سەیرمان لێ هات کە بڕگەی هەشتەم بۆ رەشنووسەکە زیادکرا، بڕگەی دوومی باسی ئەوە دەکات لە کاتێکدا ئەگەر کێشەیەک هەبێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستوەردان دەکات و ئەو پارەی ئەو پارێزگایە دەکات، بەڵام دەقەکەی دەڵێت پارەدار دەکرێت، ناڵێت پارەدارکردنی راستەوخۆ، بۆیە ئەو شیکردنەوەیەی یەکێتی بۆ دەقی ئەو بڕگەیەی دەکات بەو شێوەیەی نییە، واتە سەرۆکوەزیران رەنگە هەر بڵێت تەماشای ژمارەکان بکات بزانێت چۆنە، چونکە ئەگەر وەکو ئەوە بێت کە یەکێتی دەڵێن بڕگەیەکی نادەستوورییە و دەتوانین لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای لەسەر تۆمار بکەین".
 
 
دوایین رەشنووسی مادەی 14ـی دەستووری عێراق کە شەوی هەینی بڵاوبووەوە، تەنیا 7 بڕگە بوو، بەڵام شەوی شەممە بڕگەی هەشتەم زیادکرا کە ئەمە دەقەکەیەتی:
 
‌أ - حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەنددەبێت بە پێدانی لەپێشترێتی بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و خانەنشینان، لەگەڵ پابەندبوون بە خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی پێوەرە جێگیرکراوەکان لەم یاسایەدا.
 
ب - بەپێچەوانەوە لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵییە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی (‌أ) لەنێویاندا پارەدارکردن".

 

 
دیلان غەفوور، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی، لەبارەی بڕگەی هەشتەم، بە رووداوی راگەیاند "یەکێتی دوو پێشنیازی هەبوو و پابەندبوو بە جێگیرکردنی هەردوو پێشنیازەکە، پێشنیازەکەی یەکێتی لەبارەی مامەڵەکردنی راستەوخۆی پارێزگاکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بە زۆرینەی یەکێتی لەنێو پەرلەماندا تێپەڕی، لەسەر وشەی پارەدارکردنیش کێشەمان هەبوو، کۆی مادەکە ئەوەیە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕگەکانی ئەم یاسایە پابەند نەبوو، راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکە دەکات".
 
پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنفرانسی رۆژنامەوانییان لەبارەی پەسەندکردنی مادەکەوە بەست و یەکێتییان تۆمەتبارکرد بە دانانی بڕگەیەک کە مەترسییە لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڵام د. خالید شوانی، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی گوتی دادگەی باڵای فیدیاڵی یەکلاییکەرەوەیە و کێ ناڕازی بێت دەتوانێت لەوێ سکاڵا بکات، وەکو وەڵامێک بۆ نیگەرانییەکانی پارتی.
 
 
دەقی مادەی 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراق
 
یەکەم:
 
أ - داهاتەکانی نەوتی هەناردەکراو بۆ دەرەوە و فرۆشراو لەنێوخۆدا، ئەوانەی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێن، لە یەک هەژماری بانکی کە وەزارەتی دارایی عێراق لە بانکى ناوەندى دەیکاتەوە، هەڵدەگیرێن، کە لە هەناردە یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانەوە بەدەستدێن بەبێ هیچ لێبڕینێک، هەروەها هەموو هەژمارە هاوشێوەکان دادەخرێن. 
 
ب - وەزارەتى دارایی عێراق شایستە داراییەکانی حکومەتى هەرێمى کوردستان بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە دەدات و لە  هەژماری بانکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بانکێکى باوەڕپێکراوەوە لەلایەن بانکى ناوەندى عێراقەوە دەکرێتەوە، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان یان ئەو کەسەى کە سەرپشکی دەکات، دەسەڵاتى خەرجکردنى پارەکەى دەبێت کە لەژێر چاودێریى حکومەتى فیدراڵى و دیوانى چاودێریى دارایی عێراق دەبێت.
 
دووەم:
 
دیوانى چاودێریى دارایی و وەزارەتى نەوت بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمى کوردستان وردبینى لە هەردوو هەژمارە بانکییەکەدا دەکەن و چاودێریی دەکەن، ئەگەر نەتوانرا ئەوە بکرێت، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکى وردبینیى نێودەوڵەتى دەکرێت بەدەر لە رێنمایی و رێکارەکانی گرێبەستکردن بۆ چاودێریکردنی جووڵەی هەژمارەکە و مافی ئەوەى دەبێت وردەکاریى گواستنەوە و گرێبەستەکان و وردەکارییەکانی دیکەی پەیوەندیداری دەبێت، لەگەڵ شایستەى دارایی ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستی دەرهێنان و گواستنەوە و هەناردەکانیان لەگەڵدا کراوە، وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان ژمێرەى مانگانە رادەستى دیوانى چاودێریى دارایی فیدراڵى بکات بۆ ئەوەى بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقی بۆ ئەوەی بیخاتە نێو هەژمارەکانی دەوڵەتەوە.
 
سێیەم: 
 
هەردوو هەژماری ئاماژەبۆکراو لە بڕگەی یەکەم بەتەواوی هاتوو و دەرچووەکانییەوە لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتیی وردبینیەوە وردبنینی دەکرێت، راپۆرتی خولی لەوبارەیەوەشەوە دەداتە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.
 
چوارەم:
 
خشتەى داتای دارایی نیوەساڵ و ساڵانە بە واژۆى وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردسان و چاودێریى هەژمارەکان (کۆمپانیای وردبینیی نێودەوڵەتی) پێشکێش دەکرێت و وێنەی دەدرێتە وەزارەتی دارایی عێراق.
 
پێنجەم:
 
لیژنەیەکى هاوبەش لە هەردوولا بۆ پێداچوونەوەی گشتگیر بە قۆناخەکانى رابردوو پێکدەهێنرێت، کە تایبەتن بە کەرتى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان و پەیوەندیى نێوان وەزارەتى نەوت و وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بۆ دەرچوون بە تێڕوانینێکى هاوتاى دەستوور کە مایەى جێبەجێکردن بێت بۆ ئەوەى قۆناخى رابردوو پاکتاو بکرێت.
 
شەشەم:
 
بڕگەکانى یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەمى مادەى 14 جێبەجێ دەکرێت لە رۆژی دەرچوونی ئەم یاسایە تاوەکو ئەوکاتەى یاسای نەوت و گاز دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
 
حەوتەم:
 
لەکاتی هەر ناکۆکییەک لەنێوان هەردوو حکومەتى  فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى ماف و پابەندبوون و رێکارەکانی هاتوو لەم یاسایەدا، لیژنەکى هاوبەش لە نێوانیان پێکدەهێندرێت بۆ تاوتوێکردنى ئەو ناکۆکییانە و بەرزکردنەوەى راسپاردەکانی بۆ پەرلەمان لەماوەی 30 رۆژدا، بۆ ئەوەى بڕیارى پێویست لەبارەیەوە بدرێت.
      
هەشتەم: 
 
ا - حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی لەپێشترێتی بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و خانەنشینان، لەگەڵ پابەندبوون بە خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی پێوەرە جێگیرکراوەکان لەم یاسایەدا
 
ب- بەپێچەوانەوە لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵییە، رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی -‌ا- لەنێویاندا پارەدارکردن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە