بەهای دینار بەرزبووەوە؛ 100 دۆلار بە 146 هەزار دینارە

رووداو دیجیتاڵ

بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 146 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هاوکات نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 پێنج هەزار دینار دابەزی. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی ئایار لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 147 هەزار و 900 دینار بوو، دواتر زیاتر بەرزبووەوە و گەیشتە 148 هەزار و 250 دینار، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بۆ 146 هەزار و 500 دینار دابەزی. بەوەش تەنیا ئەمڕۆ، بەهای 100 دۆلار 1400 دینار دابەزیوە.
 
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر رۆژی پێنجشەممە بە رووداوی گوت، هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار ئەوەیە کە دەنگۆی ئەوە هەیە گوایە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق زوو پەسند بکرێت، چونکە پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دەبێت.
 
لەبارەی هەفتەی داهاتووشەوە حاجی سابیر دەڵێت، ئەگەر بانکی ناوەندی 200 ملیۆن دۆلار یان زیاتر بخاتە بازاڕەوە، رەنگە بەهای دینار زیاتر بەرزبێتەوە، بەپێچەوانەشەوە ئەگەری دابەزینی زیاترە.
 
هاوکات جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ زیادبوونی خستنەڕووی دۆلار دەگەڕێنێتەوە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە کە سێ رۆژە سەروو 200 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە.
 
گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بۆ رووداو دەڵێت، بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار، "بانکی ناوەندی هیچ چارەیەکی دیکەی نییە جگە لەوەی خستنەڕووی دۆلار لەسەروو 200 ملیۆن دۆلارەوە بهێڵێتەوە"، چونکە ئێستا بردنەدەرەوەی ماستەرکارت سنووردار بووە و خواستیش لەسەر دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
بەرزبوونەوەی بەهای دینار نرخی زێڕی دابەزاند
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ سەروو 148 هەزار دینار و، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە جیهاندا بۆ نزیکەی 2030 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، رۆژی پێنجشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە و نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 435 هەزار دینار بوو، بەڵام دواتر بۆ 430 هەزار دینار دابەزی.
 
ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بوو:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=500,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=455,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=435,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 18=375,000
 
دانا وەرتی، ئەندامی سەندیکای زێڕینگرانی هەولێر بە رووداوی گوت، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دینار لە بازاڕەکانی نێوخۆ و دابەزینی نرخی زێڕ لە جیهاندا بۆ نزیکەی 2015 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، نرخی زێڕ لەکاتی داخستنی بازاڕەکان لە هەرێمی کوردستان دابەزی و نرخەکان بەمشێوەیە بوون:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=490,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=450,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=430,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 18=365,000
 
لە ماوەی هەفتەیەکدا لە هەرێمی کوردستان، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە 415 هەزارەوە بۆ 430 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.