شاخەوان عەبدوڵڵا: هیچ مەترسییەک لەسەر پشکی کوردستان لە بودجەدا نییە


رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "هیچ مەترسییەک لەسەر پشکی کوردستان لە بودجەدا نییە. 17ی ئەم مانگە پەرلەمان لەسەر بودجە کۆدەبێتەوە و رێککەوتووین پەسندکردنی بودجە، 20ی ئەم مانگە تێپەڕ نەکات."

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی گوێیان لە سەرجەم تێبینییەکان گرتووە، لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بڕیاریان لەبارەی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە داوە و تێبینییەکان هی ئەوە نین کە پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە دوابکەوێت، "لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارمان دا رۆژی 17ی ئایار کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت، ئەگەر لەو رۆژەشدا نەکرێت، لە 20ی ئایار تێنەپەڕێت."

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی لیژنەی دارایی بووە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، تێیدا هەموو تێبینییەکان پوخت کرانەوە کە بتوانن لە ماوەیەکی کەمدا تێیبپەڕێنن و کاتێک بۆ کۆبوونەوە دابنێین، کە لە 17 بۆ 20ی ئایار تێپەڕ نەکات.

بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، "بە هیچ شێوەیەک" مەترسی لەسەر پشکی کورد لە بودجەدا نییە و "ئەوەی کە هەیە بەشێکە لە رێککەوتنی سیاسی و جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ئەوەی لە رێککەوتنی سیاسی هەیە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت."

هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دا و گوتی، "بە دڵنیاییەوە" بە پەسندکردنی بودجەی گشتیی عێراق، مانگانە پشکی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی دێت و "ئەو پڕۆژەیاسای بودجە کە پەسند دەکرێت لە 01-01-2023وە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە."