بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 210 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە؛ 100 دۆلار بە 148 هەزار دینارە


رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی عێراق 210.5 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە و ئێستا 100 دۆلاری ئەمریکی بە 148 ملیۆن دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەندامێکی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراویش لە هەولێر دەڵێت، بەمنزیکانە 100 دۆلار دەگاتە 150 هەزار دینار.
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-05-2023، بانکی ناوەندیی عێراق 210.5 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە کە 32.3 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش و 178.2 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵە بووە. 
 
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 11:35ـی پێشنیوەڕۆ بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بە 148 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا، لە کاتێکدا لە کاتی کردنەوەی بۆرسە بە 148 هەزار 250 دینار بوو.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر پێشبینی دەکات بەهای دینار زیاتر دابەزێت و 100 دۆلار بگاتە 150 هەزار دینار.
 
لەکۆتایی مانگی نیسانەوە بەهای دیناری عێراق بەرامبەر دۆلار بەرزببووەوە و 100 دۆلار لە نێوان 141 بۆ 142 هەزار دینار بوو، بەڵام لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە بەهای دینار رووی لە نزمبوونەوە کردووە. 
 
لە کۆتاییەکانی ساڵانی رابردووەوە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە، بەجۆرێک رۆژی 2ـی شوباتی 2023 بۆ یەکەمجار بەهای 100 دۆلار 170 هەزار دیناری تێپەڕاند، وێڕای رێکارەکانی حکومەتی عێراق بەهای دینار ناجێگیرە.
 
لە 20-12-2020 بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات، تاوەکو نزیکەی دوو ساڵ بەهای دینار جێگیربوو، تاوەکو رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقیی تێپەڕاند. ئێستا بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار بە بانک و کۆمپانیاکان دەفرۆشێت.