کۆمپانیای DNO : وەبەرهێنانمان لە هەرێمی کوردستان کەمکردووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای نەرویجی DNO کە لە هەرێمی کوردستان لە چەندین کێڵگەی وەک تاوکێ و پێشابوور کاردەکات راپۆرتی دارایی چارەکی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە. کۆمپانیاکە دەڵێت "تاوەکو بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێنەکاتەوە، هیچ بەرچاو روونییەکمان نییە".
 
کۆمپانیا DNO رایگەیاند بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوت، قەبارەی خەرجکردنەکانیان لە هەرێمی کوردستان کەمکردووەتەوە لەوانە، خەرجییەکانی پەیوەست بە هەڵکۆڵینی بیری نەوت، کە لەسەرەتای ئەمساڵدا چوار سەکۆی هەڵکۆڵینی بیری نەوت لەکاردابوون، بەڵام کۆمپانیاکە ناچارە هەر چوار سەکۆکە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا لەکار لابدات.
 
DNO رایگەیاند ئەو بڕە خەرجییەی بۆ ئەمساڵ پلانیان بۆ داڕشتبوو، تاوەکو ئێستا 40٪ـی خەرجکراوە.
 
کۆمپانیاکە جەخت لەوە دەکاتەوە؛ تاوەکو هەناردەکردنی نەوت دەستپێنەکاتەوە و کۆمپانیاکە شایستە داراییەکانی پێنەدرێت کە پەیوەستە بە هەناردەکردنی نەوت لە مانگەکانی رابردوو، ناتوانێت هیچ بەرچاوڕوونییەک لەسەر کارەکانی لە هەرێمی کوردستان بدات.
 
کۆمپانیای DNO، جگە لە هەرێمی کوردستان لە دەریای باکووریش چالاکە، رایگەیاند لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ 155 ملیۆن دۆلار پوختەی قازانجی هەبووە.
 
کۆمپانیاکە جەخت لەوە دەکاتەوە هەرچەندە قازانجەکانی لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو دووهێندە بەرزبوونەتەوە، بەڵام بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی لە هەرێمی کوردستان وەستاندووە.
 
کۆمانیای DNO لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا تێکرا رۆژانە 89 هەزار و 400 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، کە 70 هەزار بەرمیلی لە هەرێمی کوردستان بووە.