لە 20 ساڵدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی فەرمانبەران لە عێراق 30 هێندە زیادیکردووە


رووداو دیجیتاڵ

مووچەی فەرمانبەران، بارێکی گرانی نێو بودجەی عێراقە؛ بارێک پێناچێت بە ئاسانی راست ببێتەوە. بەپێی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023، عێراق زیاتر لە 4 ملیۆن و 96 هەزار فەرمانبەری هەیە، کە 10٪ـی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن.
 
لە ماوەی نێوان ساڵی 2003 تاوەکو 2023، فەرمانبەرانی عێراق بە رێژەی زیاتر لە 400٪ زیادیکردووە؛ ئەو پارەیەی بۆ مووچەش تەرخانکراوە، 30 هێندە بووە.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: ئێستا ئەو هێزانەی لە عێراق دەنگ دەهێنن و دەچنە ململانێی هەڵبژاردن، بەشێک لە هێزەکەیان ناوی ئەو کەسانەیە کە دەیبەن و دایان دەمەزرێنن و پێی دەڵێن "هەوایی."
 
لەم عێراقەدا کە نۆی نیسان یادی 20 ساڵەی کەوتنی حکومەتی بەعسی تێدا کرایەوە، لە ساڵی 2003دا ژمارەی فەرمانبەرانی 1 ملیۆن و 100 هەزار کەس بوون، لە ساڵێکدا پێویستیان بە نزیکەی دوو تریلیۆن و 200 ملیار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ عێراق نزیکەی 60 تریلیۆن دیناری پێویستە بۆ مووچەی فەرمانبەران، کە 30 هێندەی ساڵی 2003 زیادیکردووە.
 
بەپێی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، زۆرترین ئەو کەرتانەی مووچەی فەرمانبەرانیان بۆ دەڕوات ئەمانەن:
 
- ئاسایش و بەرگری: 25 تریلیۆن و 57 ملیار دینار، واتە رێژەی 42٪ـی مووچەی فەرمانبەران
 
- پەروەردە و فێرکردن: 13 تریلیۆن و 630 ملیار دینار، واتە رێژەی 23٪ 
 
- ئیدارە خۆجێی و ناوەندییەکان: 12 تریلیۆن و 311 ملیار دینار، واتە رێژەی 20.8٪
 
-تەندروستی: پێنج تریلیۆن و 588 ملیار دینار، واتە رێژەی 9.4٪
 
مووچە لە عێراقدا بەتەنیا بە فەرمانبەران نادرێت، بەڵکو 27 تریلیۆنی بودجەی عێراق بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی دەڕوات، جگە لە مووچەی نزیکەی چوار ملیۆن خانەنشین.
 
محەممەد روبەیعی، سەرۆکی سەنتەری نەهرەین بۆ پشتیوانیکردنی شەفافیەت و دەستپاکی بە رووداوی راگەیاند، "زیادبوونی ژمارەی فەرمانبەران لە عێراق بەو شێوە زۆرە بەهۆی سیستمی دابەشکارییە کە لە پەیڕەوکردنی بەڕێوەبردنی وڵات پشتی پێدەبەسترێت، بۆیە هەرکاتێک هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە، حکومەت دەستدەکات بە دامەزراندن." 
 
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بە گوتەی روبەیعی، "دامەزراندن لەرێگەی دەستڕۆیشتوویی حیزبی و سیاسییەوە بوو." 
 
ژمارەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە عێراق لە ساڵی 2021دا 3 ملیۆن و 263 هەزار و 834 کەس بووە، بەڵام لە رەشنووسی بودجەی ئەمساڵ بۆ 4 ملیۆن و 96 هەزار و 801 کەس زیادیکردووە، واتە لە ماوەی دوو ساڵدا نزیکەی 833 هەزار فەرمانبەر دامەزرێندراون.