100 دۆلار بە 150 هەزار و 500 دینارە

رووداو دیجیتاڵ 

لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزاندا و لەکاتی داخستنی بازاڕدا، نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی و 100 دۆلار بە 150 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 11-3-2024، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 150 هەزار و 200 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا بە 150 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش، لەکاتی کردنەوەدا نرخی 100 دۆلار بە 150 هەزار و 250 دینار و لەکاتی داخستنیشدا بە 150 هەزار و 550 دینار بوو.
 
وەک حاجی سابیر دەڵێت، هیچ شتێکی جێگەی ترس رووی نەداوە کە بووبێتە هۆی دابەزینی نرخی دینار و ئەوەی هەیە خواست و خستنەڕووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، کەمیی فرۆشی دۆلار بەشێوەی نەخت لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی دینارە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 213 ملیۆن و 419 هەزار و 68 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە، 195 ملیۆن و 840 هەزار و 125 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 17 ملیۆن و 578 هەزار و 943 دۆلاریشی بە شێوەی کاش بووە.