رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، درێژەیدا بە دابەزینەکانی هەفتەی رابردووی خۆی.
نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتە، بەڵام نیگەرانییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دابەزینەکانی نرخی نەوتیان سنووردارکردووە.
نرخی نەوتی برێنت ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-3-2024)، 48 سەنت دابەزی و یەک بەرمیل بە 81 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 50 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 51 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هیرۆیوکی کیکوکاوا، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی (ئێن ئیس ترەیدینگ) کە سەر بە کۆمپانیای (نیسان سکیۆریتی)ـیە لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە لە کاریگەرییەکانی بڕیاری ئۆپێک پڵەسی بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی خستنەڕووی نەوت، کەمکردووەتەوە."
کیکوکاوا پێیوایە، "دابەزینەکانی نرخی نەوت سنوورداردەبن لەبەرئەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامە و ئەستەمە بەو زووانە ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بکرێت."
هەفتەی رابردوو داتاکانی بازاڕی کاری ئەمریکا بڵاوبوونەوە؛ تیایدا ئاشکرابوو ژمارەیەکی کەمتر هەلیکار لە ئەمریکا رەخساون، سەرەڕای ئەوەش رێژەی بێکاری بۆ 3.9٪ بەرزبووەتەوە، ئەوەش گومانەکانی زیادکردووە لەسەر ئەوەی چ کاتێک بانکی ناوەندی دەست بە دابەزینی سوودی بانکی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ