نرخی زێڕ بەڕێژەی 1.1٪ بەرزبووەوە و ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمار کرد

زێڕ.
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمارکرد، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری سەپاندنی پێناسی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی ئاسن و ئەلەمینیۆم خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ (سێشەممە، 11-2-2025) بەڕێژەی 1.1٪ بەرزبووەوە و بە 2942 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
دوای ئەوەی ئەو ئاستە مێژووییە تۆمارکرد، هەندێ خۆڕاستکردنەوەی بەخۆیەوە بینی و ئێستا هەر ئۆنسەیەک لە نزیک 2925 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە 2966 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، رۆژی دووشەممە پێناسی گومرگیی بەسەر هەموو بەرهەمێکی ئەلەمینیۆن و ئاسن دا سەپاند، کە هاوردەی ئەو وڵاتە دەکرێن، ئەوەش بێ متمانەیی لای بازرگانان و وەبەرهێنەران دروستکردووە.
 
هەرچەندە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ پاڵپشتیکردنە لە بەرهەمی ناوخۆ، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە سەپاندنی پێناسی گومرگی لەلایەن ئەمریکاوە، بێ وەڵام نامێنێتەوە لەلایەن هاوبەشە بازرگانییەکانی.
 
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی کاپیتاڵ دۆت کۆم، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "مەترسیی پەرەسەندنی شەڕی بازرگانی لە بازاڕی زێڕدا رەنگی داوەتەوە و، بازرگانان روو لە کڕینی زێڕ دەکەن بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکانی نێو بازاڕ."