یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا: تاوەکو 4000 خانوو و شوقە بۆ ئاوارەکانی شنگال دروست دەکرێن

11-02-2024
ژیڤان بەکر
دیمەنێک لە قەزای شنگالەوە. وێنە: رووداو
دیمەنێک لە قەزای شنگالەوە. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگای نەینەوا رەزامەندی لەسەر دابینکردنی 50 دۆنم زەوی نیشتەجێبوون لە سنووری قەزای شنگال داوە بۆ ئەوەی تێیدا خانوو و شوقە بۆ هاونیشتمانییانی کەم دەرامەت دروست بکرێت. چوار ملیۆن دیناری عێراقیش بەو کەسانە دەدرێت دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان. 
 
بڕیارەکە دوای ئەوە بووە کە وەزیری کۆچبەرانی عێراق چووەتە موسڵ. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکەش بۆ ئەو ئاوارانەی شنگالن کە لەنێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دا نیشتەجێن.
 
ئەمڕۆ رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی لە بووڵتەنی کاژێر 09:00ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، وەزیری کۆچبەران لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا رێککەوت کە 50 دۆنم زەوی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارەکانی شنگال و 50 دۆنمیش بۆ ئاوارەکانی موسڵ تەرخان بکرێت.
 
ئەو 50 دۆنمەی شنگال دەکەوێتە نزیک چیای شنگال و بە گوتەی سمۆ، "لیژنە چووەتە ناوچەکە و بۆ نیشتەجێبوون گونجاوە."
 
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەو ژمارەیە لە خانوو و شوقە زۆر کەمە، چونکە ئاوارەکانی شنگال کە لەنێو کەمپەکانن، تەنیا لە هەولێر و دهۆک ژمارەیان لە شەش هەزار خێزان زیاترە."
 
لە لایەکی دیکەوە، عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی شەممە 10ی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارگێڕیی پارێزگای نەینەوا رەزامەندی لەسەر داوایەکی وەزارەتەکەیان دەربڕیوە تایبەت بە تەرخانکردنی زەویی نیشتەجێبوون و دابەشکردنی بەسەر هاونیشتمانییان و هاووڵاتییان، بە جۆرێک 50 دۆنم لە سنووری شنگال و 50 دۆنمەکەی دیکە لە بەری راستی موسڵە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رەفعەت سمۆ بێت، زیاتر لە 250 هەزار کەس ئاوارەی سنووری شنگال لە هەرێمی کوردستانن. ئاماژەی بەوەشکرد، "دروستکردنی خانوو و شوقە زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە زوو دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان."
 
لەسەر لایەنی موڵکداریی زەوییەکان، "تاوەکو ئێستا باسی تاپۆکردنی ئەو شوێنانە نەکراوە بابەتەکەش پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە." ئەمە بە گوتەی رەفعەت سمۆ. 
 
یاریدەدەرەکەی پارێزگاری نەینەوا گوتی، "تێچووی خانوو و شوقەکان لەسەر ئەرکی حکومەتی عێراقییە، نەوەک لەسەر ئاوارەکان. ئاوارە هیچ پارەیەک نادات، پڕۆژەکە لەسەر ئەرکی حکومەت دەبێت و دواتر بەسەر ئاوارەکانی شنگال و موسڵدا دابەش دەکرێت." 
 
لەبارەی جیاوازیی نێوان ئەم پڕۆژەیە و کەمپی ئاوارەکان، رفعەت سمۆ گوتی، "بێگومان خانوو لە خێوەت چاکترە، بەو مەرجەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە باش بێت، چونکە ئاوارەکان تاوەکو ئەمڕۆ نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان و متمانەیان بە دۆخی ئەمنیی شنگال نییە. ئەگەر دۆخی ئەمنی باش بێت، خەڵک دەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بمێنێتەوە، بێگومان خەڵک ناگەڕێنەوە."
 
هەندێک لە دانیشتوانی شنگال چەند ساڵێکە گەڕاوەنەتەوە شنگال. ئەوان نیگەرانن لەوەی کە وەک پێویست هاوکاریی نەکراون و خزمەتگوزاریشیان نییە.
 
رۆژی شەممە 10ی شوباتی 2024، خەیری عەلی، ئاوارەی گەڕاوە بۆ شنگال بە رووداوی گوت، "خانووەکەمان شوێنی ژیان نییە و قەرەبووەکەمان پێنەدراوە. دەمانەوێت دەرفەتی کارمان بۆ بڕەخسێنن تاوەکو بتوانین پێی بژین. دۆخمان خراپە و گازەندەمان هەیە؛ هیچمان نییە، چوار ساڵە هیچیان پێ نەداوین."
 
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوانەی دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان چوار ملیۆن دیناری عێراقییان پێ دەدرێت. هەموو هەوڵەکانی پارێزگاری نەینەواش بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگالە."
 
لەبارەی چۆنیەتیی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا باسی لەوە کرد، مامەڵەکان کە نزیکەی هەشت تاوەکو نۆ هەزار دەبن، تەواو بوون و نێردراون بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، "داواش کراوە کاتێک بۆ دابەشکردنی پارەکە دابنرێت."
 
هەروەها جەختی کردەوە، ئەو چوار ملیۆنەش تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە لە کەمپەکاندا دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان و هەموو خێزانێک ناگرێتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە