ئەردۆغان: کۆتایی 2024 بەرهەمی رۆژانەی نەوتی گابار دەگەیێنینە 100 هەزار بەرمیل
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا لە پارێزگای زۆنگوڵداکی وڵاتەکەی رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە گابار دەگەیێننە 100 هەزار بەرمیل.
لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی ئاکپارتیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا بەربژێرانی پارتەکەی بۆ شارەوانییەکانی زۆنگوڵداک راگەیاند.
ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی لە ئامانجەکانی ئابووریی حکومەتی وڵاتەکەی کرد، لەبارەی دەرهێنانی نەوت لە شارۆچکەی گاباری سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان گوتی، "بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئێمە لە گابار کە نەیارانمان پێی تووڕەن، 35 هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە؛ ئامانجمانە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 بیگەیێنینە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا."
سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، "گرنگترین ئامانجی ئێمە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی تەواوە لە بواری وزەدا. هەندێک هەنگاوی بوێرانەمان لەپێناو ئاسایشی وزەی تورکیا ناوە."
تورکیا سەرەتای ئایاری 2023 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە ناوچەی گاباری سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان راگەیاند.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا، یەدەگی نەوتی شرنەخ 150 ملیۆن بەرمیلە.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ، ئامەد، سێرت، رووها و مێردینی باکووری کوردستانن.
ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.