رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "بەمەبەستی گفتوگۆ و رێککەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا" ئێوارەی ئەمڕۆ سەردانی پایتەختی عێراق دەکات.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەم سەردانەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمە بۆ بەغدا بەمەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن دەربارەی یاسای نەوت و گاز و بودجە و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چەندین بابەتی تر".
ئومێد سەباح هەروەها دەڵێ ئەنجامدانی سەردانەکە، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە.
رۆژی 10-12-2022 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوو لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد.
دوای سەردانی شاندەکە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، رەزامەندی داوە لەسەر ناردنی بڕی 400 ملیار دینار بۆ دوو مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پاڵپشت بە کارنامەی وەزاری کە هێزە سیاسییەکان لەسەری رێککەوتوون و پەرلەمان پەسندی کردووە، بەپێی بڕیاری (ژمارە 18ـی ساڵی 2022) بە نووسراوی ژمارە (1/9.د.خ./س.1/18) لە 27ـی تشرینی یەکەمی 2022، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە وەزارەتی دارایی 400 ملیار دینار خەرج بکات، ئەوەش وەک شایستەی هەرێمی کوردستان".
هەر لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد: "ئەو بڕە پارەیە لە داهاتی نەوتی و نانەوتییە و لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە بە هاوئاهەنگی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان وربینی دەکرێت، ئەوەش دوای تەواوکردنی هەژمارکردنی داهاتی نەوتی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
بەڵام دواتر لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێکی عێراق، دادگەی فیدراڵی بڕیاریدا هەموو ناردنێکی پارە لە بەغداوە بۆ هەولێر رابگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ