وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: نەوت رەوانەی ئیسرائیل ناکرێت

11-02-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەنگۆی ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیسرائیل روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ئەو هەواڵانە دوورە لە راستییەوە و دەشڵێت، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری و "لەژێر وردبینیی کۆمپانیای بێلایەنی (دیلۆیتی) نێودەوڵەتیی هەناردە" دەکرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، 11-02-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تانکەرەوە بۆ ئیسرائیل دەکەن و دەڵێت، ئەو هەواڵانە بە هەوڵی "ناحەزانی سەقامگیری و رێكکەوتنی نێوان عێراق و [هەرێمی] كوردستان هەژماری دەكەین"
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "لەكاتێكدایە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانن، ئەم بانگەوازە چەواشەکارییانە تەنیا ئامانج لێی تێكدانی ئەو هەلە زێڕینەیە كە لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رەخساوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان."
 
تیمێکی شارەزای تەکنەلۆژی بەدواداچوونی بۆ ئەو هەواڵە کردووە کە گوایە ئۆرنا بابیفای، وەزیری ئابووریی ئیسرائیل گوتوویەتی رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری عەقەبەوە لە ئوردنەوە دەگاتە ئیسرائیل، بەڵام تیمەکە دوای بەدواداچوونی هەواڵەکە رایگەیاندووە: "ئەوە هەواڵێکی هەڵبەستراوە."
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژی 10-2-2023ـی وێبسایتی "تەکنەلۆژیا لەپێناو ئاشتی" کە وێبسایتێکە بایەخ بە راستکردنەوەی هەواڵی ماڵپەڕەکان و سۆشیاڵ میدیا لە وڵاتانی ناسەقامگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، ئەو هەواڵەی رەتکردووەتەوە کە لە هەندێک وێبسایست و سۆشیاڵ میدیای بەتایبەت عێراقی لەسەر زاری وەزیری ئابووریی ئیسرائیل بڵاویانکردووەتەوە و دەڵێت، "باسی نەوتی هەرێمی کوردستانی نەکردووە."
 
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەیەک لەنێوان عێراق و ئوردن دێت، کە لە شوباتی 2023 لە سەرجەم بوارەکان کردیان، لەنێویاندا باسکردنی قۆناخە کۆتاییەکانی پڕۆژەی راکێشانی بۆریی نەوتی عێراق و ئوردن.
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی روونکردنەوەکەی دا باسی لەوە کردووە، "بە تووندی" ئەو هەواڵانە رەتدەکەنەوە کە چەند کەسێک لە دەزگا میدیاییە عێراقییەکانەوە بڵاویانکردووەتەوە و دەڵێت، "هەموو ئەم لێدوان و بانگەوازانە هیچ بنەما و راستییەكی تێدا نییە."
 
لە روونکردنەوەی وەزارەتەکەدا هاتووە، "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دووپاتیدەکاتەوە کە نەوتی هەرێم بە تەواوی لە رێگەی بۆری و لە ژێر وردبینیی کۆمپانیای بێلایەنی (دیلۆیتی) نێودەوڵەتیی هەناردەی دەکات و هەموو کاتێک رێز لە دەستووری عێراقی فیدراڵ و یاساكان دەگرێت."
 
دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان:
 
لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند كەسێك لە دەزگا میدیا عێراقییەكانەوە بانگەوازی ئەوە دەكەن گوایە نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی تانكەرەوە بە قاچاغ دەبرێتە دەرەوە و بە وڵاتی ئیسرائیل دەفرۆشرێت. ئێمە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە تووندی ئەم بانگەوازە چەواشەكارییانە رەتدەكەینەوە و بە هەوڵی ناحەزانی سەقامگیری و رێکكەوتنی نێوان عێراق و كوردستان هەژماری دەكەین. هەموو ئەم لێدوان و بانگەوازانە هیچ بنەما و راستییەكی تێدا نییە، لەكاتێكدایە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانن، ئەم بانگەوازە چەواشەکارییانە تەنیا ئامانج لێی تێكدانی ئەو هەلە زێڕینەیە كە لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رەخساوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دووپاتیدەکاتەوە کە نەوتی هەرێم بە تەواوی لە رێگەی بۆری و لە ژێر وردبینیی کۆمپانیای بێلایەنی (دیلۆیتی) نێودەوڵەتیی هەناردەی دەکات و هەموو کاتێک رێز لە دەستووری عێراقی فیدراڵ و یاساكان دەگرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی دەڵێت وەستانی هەناردەی نەوت بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا، 20 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.