سێ ئەندامی کۆنگرێس داوا لە بایدن دەکەن سیاسەتەکەی بەرامبەر عێراق تووند بکات

11-02-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا کە شاندێکی عێراقی ماوەی سێ رۆژە لە ئەمریکایە بۆ ئەوەی ئیدارەی بایدن رازی بکەن چەند کۆتوبەندێکی بانکی لەسەر عێراق لاببات، سێ ئەندامی کۆنگرێس لە نامەیەکی هاوبەشدا داوا لە سەرۆکی ئەمریکا دەکەن، سیاسەتەکەی بەرامبەر عێراق تووندتر بکات، چونکە پێیانوایە حکومەتەکەی محەممەد شياع سوودانی هێشتا لەسەر هێڵی ئێران دەڕوات. 
 
ئەو سێ ئەندامەی کۆنگرێس داوادەکەن ئەمریکا شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ حکومەتی عێراق بگۆڕێت بۆ ئەوەی، بە گوتەی خۆیان، هەرێمی کوردستان چیدیکە باجی ئەو سیستمە فیدراڵییەی عێراق نەدات کە ئەمریکا خۆی لە نەخشەدانیدا بەشدار بووە و هەولێر هیچ سوودی لێ نەبینیوە.
 
وۆڵتز، کێڤن هێرن و جۆو ویڵسن بۆ بایدنیان نووسیوە: "هەر سیاسەتێکی ئەمریکا بەرامبەر ئێران، پێویستە لە هەمانکاتدا عێراقیش بگرێتەوە، چونکە عێراق خەریکە دەبێتە وڵاتێکی بریکاری ئێران لەبری ئەوەی ببێتە دیموکراسییەکی تەندرووست."
 
ئەم پەیامە دژی هەوڵەکانی ئەم دواییەی حکومەتی محەممەد شياع سوودانییە کە مەبەستییەتی متمانەی واشنتن بەدەستبهێنێت بەوەی کە عێراق نابێتە شوێنی سپیکردنەوەی پارە و بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی کە مانگی رابردوو، یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا لە بەرامبەر پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە لایەن چەند بانکێکی بازرگانیی عێراقەوە، رێکارە داراییەکانی بەرامبەر بانکە عێراقییەکان تووندکرد، لەوانەش لە رێگەی کەمکردنەوەی ناردنی دۆلار کە بووە هۆی ئەوەی دیناری عێراقی تاوەکو 15٪ـی بەهای خۆی لەدەستبدات پێش ئەوەی دووبارە بە چەند رێکارێکی بانکی ناوەندیی عێراقی هەستێتەوە. 
 
سێ ئەندامەکەی کۆنگرێس بە سەرۆکی ئەمریکایان راگەیاندووە: "خۆشحاڵین کە گوشاری وەزارەتی گەنجینە بووەتە هۆی جێبەجێکردنی چاودێریی ئەمریکا بەسەر گواستنەوەی پارە لە بانکەکانی ئەمریکاوە [بۆ عێراق]، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لەوەی رێگە بە هەندێ لە بانکەکانی عێراق نەدرێت وەکو بەرەی سپیکردنەوەی پارە بۆ سوپای پاسدارانی ئێران کاربکەن."
 
ئەو هەنگاوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بووە هۆی شڵەژانی بازاڕ، بارگرانی بۆسەر هاووڵاتییانی عێراق و گوشار بۆسەر کابینە تازە دروستبووەکەی سوودانی، بەڵام سێ ئەندامە کۆمارییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە نامەکەیاندا کە رۆژی هەینی ئاراستەی بایدنیان کردووە، ئەو رێکارانە بە "هەنگاوێکی سەرەتایی باش" دادەنێن، بەڵام دەشڵێن: "پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە گواستنەوەی ئەو پارەیە بکرێت کە سوود بە ئێران، سوپای پاسداران و چەند میلشیاییەکی دیاریکراوی عێراق دەگەیێنێت."
 
د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بە یاوەریی شاندێک کە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقیشی لەگەڵە، لە رۆژی پێنجشەممەوە لە واشنتنە و تاوەکو ئێستا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە، هەروەها بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینە و ژووری بازرگانیی ئەمریکا کۆبوونەتەوە. 
 
لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەدا، بلینکن جەختی لە گرنگیی سەربەخۆیی وزە بۆ عێراق کردەوە، لە کاتێکدا کە بەغدا بۆ وەگەڕخستنی پڕکردنەوەی پێداویستیی وزە، پشت بە هاوردەکردنی گاز و کارەبای ئێران دەبەستێت، ئەو وڵاتەی کە لەسەر ژمارەیەک پرس، دیارترینیان بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی، لە لایەن واشنتنەوە گەمارۆی تووندی ئابووریی خراوەتەسەر. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش رایگەیاندووە لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ شاندە عێراقییەکە جەختیان لە "بەهێزکردن و قووڵکردنەوەی" پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کردووەتەوە. 
 
ئەو سێ ئەندامەی کۆنگرێس پێیانوایە: "ئێران حکومەت و سیستمی دارایی عێراق بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی خۆی لە سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان لابدات. بۆیە هەر سیاسەتێکی چاوکراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران، پێویستە راستەوخۆ رووبەڕووی هەژموون و کۆنترۆڵە دیارەکەشی بەسەر عێراقدا ببێتەوە."
 
سێ کۆنگرێسمانەکە یادکردنەوەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە لایەن بەرپرسانی عێراقەوە بە نموونەیەک لەسەر پەیوەندیی نێوان تاران و بەغدا دەهێننەوە و دەڵێن: "لە کانوونی دووەمی 2023، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتەکەی لە سەرانسەری عێراق رێوڕەسمیان سازکرد، لەوانەش لە نێو پەرلەمان بۆ ئەوەی یادی مردنی قاسم سولەیمانی" و ئەبو مەهدی موهەندس، سەرۆکی پێشووی حەشدی شەعبی بکەنەوە. 
 
مایکڵ وۆڵتز، کێڤن هێرن و جۆو ویڵسن بە بایدنیان راگەیاندووە: "ئێستا کاتی ئەوەیە ئەمریکا بە روونی لێکەوتەکانی شوێنکەوتنی ئێران بە عێراق بگەیێندرێن،" داواشیانکردووە کە "ئەم سیاسەتە پێویستە ئەو راستیی هەژموونی ئێران لەبەرچاوبگرێت و پێویستە بەردەوام نەبێت لە پێدانی پارە بە سیستمی بانکیی عێراق یان دەرکردنی بەخشین لە سزا، کە ئەمانە رێگری لە سەربەخۆیی عێراق دەکەن و بوار بە گەندەڵیی زیاتر بە پشتیوانی ئێران دەدەن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە