پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق: چاکسازییەکەمان رەنگدانەوەی ئەرێنی بۆ سەر ئابووری دەبێت

11-02-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، چاکسازییەکانیان لە کەرتی بانکیی عێراق رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر بازرگانیی نێودەوڵەتیی عێراق و ئابووریی نیشتمانی دەبێت. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی نێودەوڵەتیی دراویش دەڵێت، پشتیوانییەکانیان بۆ بانکی ناوەندیی عێراق بەردەوام دەبن.
 
عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، بانکی ناوەندی پاکێجی چاکسازی دەستپێکردووە، ئەوەش بە مەبەستی چاکسازییکردن لە کەرتی بانکیی عێراق و پەرەپێدانی ئەو  کەرتە، بە جۆرێک لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان گونجاو بێت و ئەوەش رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر بازرگانیی نێودەوڵەتیی عێراق و ئابووریی نیشتمانی. 
 
عەلی عەللاق گوتیشی: "بانکی ناوەندیی عێراق بەردەوام دەبێت لە رێکارەکان بۆ رێگەگرتن لە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، وێڕای پەرەپێدانی کەرتی بانکی عێراقی".
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەو قسانەی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەحموود محێدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو کرد کە لە چوارچێوەی سەردانەکەی شاندی عێراقی بۆ ئەمریکا بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەڕێوەچوو.
 
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو گوتی: "سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پشتیوانیی تەکنیکی لە بوارە جیاوازەکاندا پێشکێشی بانکی ناوەندی دەکات". 
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژی چوارشەممە، 08-02-2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاریانداوە هێڵێکی گەرم تەرخان بکەن بۆ وەرگرتنی سکاڵا و پرسیاری هاووڵاتییان لەبارەی فرۆشتنی دۆلار و ژمارەکەش 07755521650یە. 
 
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، لەکاتی دەوامی فەرمی لە کاژێر 08:30 بەیانی تاوەکو کاژێر 07:00 ئێوارە، سکاڵا و پرسیاری هاووڵاتییان وەردەگرن. 
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە رۆژی چوارشەممە، 8-2-2023ـەوە دۆلار بە نرخی نوێ دەفرۆشێت، بەم شێوەیەی خوارەوە: 
 
- هەر دۆلارێک بە 1300 دینار لە وەزارەتی دارایی دەکڕن.
- هەر دۆلارێک بە 1310 دینار بە بانکەکان فرۆشن لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنی.
- هەر دۆلارێک بە 1320 دینار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان دەفرۆشرێت بۆ سوومەندبوونی کۆتایی .  
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە، 07-02-2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسندکرد، بەوەی دەستکاریی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بە جۆرێک 100 دۆلار دەبێتە 130 هەزار دینار.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.