DNO پشکی ئێکسۆن مۆبیل لە باشیک دەکڕێت و وەبەرهێنانەکانی لە کوردستان زیاد دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی راگەیاندنی ئاماری چالاکییەکانی بۆ ساڵی 2020، رۆژی پێنجشەممە کۆمپانیای DNOی نەرویجی رایگەیاند 32٪ی پشکەکانی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکیی لە مۆڵەتی باشیک لە هەرێمی کوردستان دەکڕێت، بەوەش پشکەکانی لەو مۆڵەتە بۆ 64٪ بەرز دەبنەوە و لە بەرنامەیشیدایە وەبەرهێنان لەو کێڵگەیە زیاد بکات. 
 
DNO لە ماوەی رابردوودا رۆژانە 15 هەزار بەرمیل نەوتی لە جۆری "API 40" لە کێڵگەی باشیک-1 و "API 22" لە زەرتک-1 بەرهەم هێناوە.
 
لە تشرینی دووەمی ساڵی 2020ـدا ئەو کۆمپانیا نەرویجییە رایگەیاند لە رێگەی هەڵکەندنی چەند بیرێکەوە لە مۆڵەتی باشیک نەوتیان دۆزیوەتەوە کە لە یەکێک لە بیرەکاندا رۆژانە بە شێوەی هێزی سرووشتی زیاتر لە 3000 هەزار بەرمیل نەوت بەرهە مدێت و لە بیرێکی دیکەدا رۆژانە 1000 بەرمیل نەوت بەرهەم دێت کە نەوتەکەیان لە جۆری سووکە.
 
لە ساڵی 2020ـدا بە دووریی 15 کیلۆمەتر لە بیری باشیک-2  لە ناوچەی زەرتک DNO لە رێگەی هەڵکەندنی بیرێکی دیکەوە دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی دوو هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە جۆری نەوتی مامناوەند "API 22."
 
کۆمپانیاکە وای دەخەمڵێنێت لەو سێ ناوچەیەی لە مۆڵەتی باشیک نەوتی دۆزیوەتەوە کە بە تێکڕا 112 ملیۆن بەرمیل نەوتیان تێدایە، توانای بەرهەمهێنانی هەیە.
 
بیژەن مزەفەر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای DNO رایگەیاند: "بە زیادکردنی پشکەکانمان لە مۆڵەتی باشیک، ئێستا دەتوانین تواناکانمان زیاتر پیشان بدەین ئەوەش دوای سەقامگیربوونەوەی نرخی نەوت و وەرگرتنی هەقدەستەکانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە هەوڵەکانمان بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی نوێ زیاد دەکەین."
 
ئەو پشکانەی DNO  لە مۆڵەتی باشیک لە ئیکسۆن مۆبیلی کڕیون رووبەڕەکەیان 324 کیلۆمەتر دووجایە و بە دووریی 60 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای هەولێر و 20 کیلۆمەتر رۆژهەڵاتی موسڵ. هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خاوەنی 20٪ـی پشکەکانی مۆڵەتی باشیکە.
 
جگە لە مۆڵەتی باشیک، کۆمپانیای DNO لە مۆڵەتەکانی تاوکێ و پێشخاپوور لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکات کە کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی لە تاوکێ لە ساڵی 2020مدا رۆژانە 110 هەزار و 300 بەرمیل نەوت بووە.