رووداو دیجیتاڵ
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداو راگەیاند، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی و یاسای بودجەی گشتی، سەرباری کۆتاییهاتنی ساڵی دارایی، مووچەی مانگی 12 نافەوتێت.
ئەو قسەیەی ئیخڵاس دلێمی، دوای نزیکەی سێ کاژێر لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی حکومەتی عێراق هات، پێیوایە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان میکانیزمێک بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی 12 دەدۆزنەوە و خەرج دەکرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2025، ئیخلاس دلێمی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە پەیامنێری رووداو تێیدا ئامادە بوو، باسی لە کۆبوونەوە سێ کاژێرییەکەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ تەیف سامی کرد.
ئیخلاس دلێمی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "رەنگە هەڵە تێگەیشتن هەبێت. حکومەتی فیدراڵی دەڵێت، پارەدارکردن بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان 11 ترلیۆن و 300 ملیارە. ئەگەر بێتوو مانگانە بەسەر 930 ملیار دابەشی بکەین، ئەوکات نزیکەی 450-600 ملیار کورتهێنان دەبێت. دەرەنجام، بڕیاری دادگەی فیدراڵی روونە، باس لەوە دەکات مووچەکان دەبێ لەچوارچێوەی شایستەکان گەرەنتی بکرێن، نەک قەرەبووکردنەوەیان. شایستەکانیش لە چوارچێوەی بودجەی گشتییەوە دەبێت کە پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا 20 ترلیۆنە".
راشیگەیاند، دەرەنجام ئەو گوژمەیەی لە مانگی یەکەمەوە تاوەکو مانگی 11 گەیشتووەتە دەست هەرێمی کوردستان تەنیا 10 ترلیۆن و نیوە. بەمەش وەزارەتی دارایی مووچەی مانگی 12ـی ناردووە، بەڵام تەواوی مووچەکانی نەناردووە و 400 ملیار کەمتری ناردووە. "لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە قەبارەی کورتهێنانەکە نزیکەی 500 ملیار دینارە. بەمەش حکومەتی هەرێم ناتوانێت مووچەی مانگی 12 خەرج بکات بەهۆی ئەو کورتهێنانەی هەیە".
گوتیشی: "پێموایە میکانیزمێک لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پێکدەهێندرێت بۆ ئەوەی ئەم 500 ملیار دینارە بنێردرێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە و مووچەکانی مانگی 12 بەبێ کەموکوڕی بدرێت. رەنگە خەرجکردنەکەی چەند رۆژێکی دیکە دوابکەوێت، بەڵام لە ئەنجامدا خەرج دەکرێت."
باسی لەوەشکرد کە سەرباری ئەوەی ساڵی دارایی کۆتایی هاتووە، بەڵام دەکرێ ئەم گوژمەیە خەرج بکرێت چونکە لە ماددەی جێبەجێکردندا خۆی دەگرێتەوە و بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەبێ جێبەجێ بکرێت و خەرج بکرێت. لە پاڵ ئەمەشدا یاسای بوودجە دەڵێت، کە دەبێ ئەم گوژمەیە خەرج بکرێت.
دلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "باشترین چارەسەر بۆ کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم، دەستپێکردنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە. گوتیشی: "پێشتر هەرێمی کوردستان نەوتی هەناردە دەکرد و مووچەی فەرمانبەرانی دەدا. راستە کورتهێنان دەبوو بەڵام حکومەتی هەرێم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی کۆ دەکردەوە و نزیکەی 200 ملیار دیناریشی لە بەغدا وەردەگرت و مووچەکانی پێ دەدا. بەڵام دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم کەیسی نەوتی رادەستی حکومەتی فیدراڵی کرد، ئەوکات رووبەڕووی کێشەی مووچە بووینەوە بەهۆی ئەوەی هەناردەی نەوت راگیرا و مووچەمان لە حکومەتی فیدراڵ پێدەگەیشت و هەندێکجار بەهۆی هۆکاری تەکنیکی و سیاسیی دوا دەخرا."
جەختی لەوەشکردەوە کە لە هەردوو حاڵەتدا دوا دەخرا. بەڵام ئەگەر هەمواری یاسای بوودجە کرا و نەوت سەرلەنوێ هەناردە کرایەوە، ئەوکات کێشەکە چارەسەر دەبێت و رەنگە کورتهێنانێکی کەم بمێنێت لەپاڵ داهاتە نانەوتییەکان. بەڵام دوای ئەوەی لەگەڵ بەڕێز وەزیری دارایی گفتوگۆمان کرد و ئەمڕۆش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێم و وەزیرەکانی حکومەتی فیدراڵی و لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان. باسیان لە گرنگی دابینکردنی مووچە کرد و پێداگرییان لە یەکگرتوویی هەڵوێستی کوردستانی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و یەکگرتنەوەی هەموو هەوڵەکانی پەرلەمانتاران و حکومی لەپێناو داواکردنی قووتی گەل.
هەروەها گوتی: "پێموایە مووچەکان خەرج دەکرێن و گەرەنتی کراوە و هیچ ترسێکی نییە، بەڵام دواخستن دەبێت. سەرباری ئەمانە داواکاری چڕ هەیە لەلایەن پەرلەمانتاران و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە جیاوازەکانیش بەهەمان شێوە، بۆیە پێموایە مووچەکان خەرج دەکرێن."
سەبارەت بە بڕگەی خەرجی کرداری، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند خۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵی باس لە دەرهێنانی مووچە دەکات لە بڕگەی خەرجی کرداری بە بەڵگەی ئەوەی دادگەی فیدراڵی تیشکی نەخستووەتە سەر ئەم پرسە و باسی لەوە کردووە کە دەبێت مووچەی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و شەهیدان لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجە خەرج بکرێت. پشکی هەرێمی کوردستانیش 20 ترلیۆن دینارە و بەهیچ شێوەیەک باسی لە خشتەی قەرەبووکردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکردووە. بەمەش ناچێتە نێو قاڵبی خەرجی کردەیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ