نەرمین مەعرووف: ئەگەر مادەی 11ی بودجە هەموار نەکرێت ئەم ساڵیش کێشەی مووچە بەردەوام دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆرترین گفتوگۆ لەسەر پرسی مووچەی مانگی 12 کراوە، بەڵام نەگەیشتوونە هیچ ئەنجامێک، بۆیە بڕیاردرا لیژیەنەک لە وەزارەتی دارایی بۆ بەداواداچونی پرسی مووچەی مانگی 12 و کێشەکانی دیکەی مووچە پێکهێندرێت.
 
ئەمڕۆ کاژێر 10:00ی بەیانی لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن بەڕێوەچوو.
 
رۆژی شەممە، 11ی کانوونی دووەمی2025، نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک تەوەر هەبوون بۆ گفتوگۆکردن، یەکێکیان هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە پێویستی بە هەمواری یاسایی بودجەیە، ئەم هەموارە لە پەرلەمان دەرچووە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، چاوەڕوان دەکرێت، رۆژی دووشەممە بەپێی کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت."
 
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق گوتی: "ئەمڕۆ بەشێکی ئەم بابەتە گفتوگۆی لەبارەوە کرا، کە هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە پەیوەندی بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە."
 
لەبارەی تەوەرەکانی دیکە نەرمین مەعرووف دەڵێت: "بابەتی پشکی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و کۆمەڵێک پرسی دارایی کە پەیوەندی بە فەرمانگەکانی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی داراییەوە هەیە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون."
 
سەبارەت بە مووچەی مانگی 12ی ساڵی 2024، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "زۆرترین مشتومڕ لەسەر مووچەی مانگی 12 بوو، بەپێی لێکدانەوەکانی ئێمە بۆ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی کە پێویستە مووچە بەدەر بکرێت لە هەموو دەستەواژەی خەرجیی کردەیی، بەڵام لێکدانەوەی وەزارەتی دارایی بۆ هەموو پرسە داراییەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەبەسترێتەوە بە خەرجیی کردەیی."
 
بە گوتەی نەرمین مەعرووف، "لە 211 ترلیۆنی بودجەی ساڵی 2024ی هەرێمی کوردستان، بەغدا تەنیا 156 ترلیۆنی خەرجکردووە، بەپێی لێکدانەوەکانی ئەوان؛ پشکی هەرێمی کوردستان کەمترە لەوەی لە خشتەکانی بودجەدایە، بەڵام ئێمە بڕوامان پێ نییە؛ لەبەرئەوەی ئێمە پشت بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەبەستین، مووچە دەبێت بەدەر بکرێت لەوەی کە حکومەتی عێراق چەند توانای هەبێت بە پێ توانای خۆی بودجە بنێرێت."
 
دەشڵێت: "نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک، بۆیە بڕیاردرا لیژنەیەک لە ناو لیژنەی دارایی پێکبهێندرێت بۆ بەدواداچوونی پرسی مووچەی 12 و کێشەکانی مووچە."
 
لەبارەی کێشەکانی بەردەم مووچەی ساڵی 2025، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "بودجەی ئەم ساڵیش هەر لە دەقی بودجەی سێ ساڵەکانی دیکە دایە و دەقەکانی بودجە ناگۆڕدرێت، جگە لە مادەی 12 کە ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی لە ئەنجوومەنی وەزیران هاتووە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هیچ دەقێکی دیکە بودجە پێشنیاز نەکراوە تاوەکو هەموار بکرێت."
 
مادەی 11 لە پرۆژەیاسای بودجە، کە تایبەتە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان. نەرمین مەعرووف دەڵێت، "ئەگەر ئەم مادەیە هەموار نەکرێت کێشەکانی خەرجیی کردەیی بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، بۆ هەموو پشکی هەرێمی کوردستان بە مووچەشەوە، بۆیە گرنگە کە ئەو شاندەی کە سبەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە بەغدا، بە پرۆژەیەک داوابکەن تاوەکو مادەی 11 هەموار بکەنەوە و دەستەواژەی خەرجیی کردەیی لاببرێت، کە ئەمەش پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدایە."
 
نێوەڕۆکی مادەی 11:
 
یەكەم: شایستەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2004 تاوەكو 2020 یەكلایی دەكرێنەوە، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی تێدا دەكات بۆ دەرخستنی هەژمارەكانی كۆتایی داهاتە داراییە بەدەستهاتووەكان و خەرجییەكانی هەرێم كە لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی پەسند دەكرێت، دوای جیاكردنەوەی خەرجییە سیادییەكان، ئەوەی لە چوارچێوەی خەرجییەكانی حاكیمە بۆ هەرێم خەرجكراوە.
 
دووەم: ئـ: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە كێڵگە نەوتییەكان بە بڕی 460 هەزار بەرمیل رۆژانە، لەو بڕەش بڕی پێویست بۆ خەرجییەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بڕی بەكاربردنی ناوخۆ لە هەرێم و پترۆدۆلار جیا دەكرێنەوە، بە جۆرێك كە داهاتی ئەو بڕەی رادەستی حكومەتی فیدراڵی دەكات لە 250 هەزار بەرمیل نەوت كەمتر نەبێت بە نرخی سۆمۆ.
 
ب: بڕگەی ئەلف بە هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
 
ج: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان بە گەنجینەی دەوڵەت، بەگوێرەی یاسای كارگێڕیی دارایی فیدراڵی، كە دیوانی چاودیریی درایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم وردبینی لە داتاكانی ئەو داهاتانە دەكرێت.
 
د: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە دانەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانی عێراق، كە لەلای بانكە حكومی و تایبەتەكانی هەرێمە، وەزارەتی دارایی بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو مانگانە بڕێك لە پشكی هەرێم دەبڕێت، ئەوەش لە ساڵی 2021 ەوە بۆ ماوەی 7 ساڵ بەردەوام دەبێت.
 
هـ: حكومەتی فیدراڵ پابەند دەبێت بە دانەوەی شایستەكانی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی هەرێم بڕگەكانی (أ ، ب ، ج ، د) لە مادەی 11 جێبەجێ دەكات.
 
سێیەم: دوای وردبینیكردن لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەكرێت بە پێدانی ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی تاوەكو 30/6/2021.
 
چوارەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و قەرەبووكردنەوەیان لەو پشكەی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی بۆی دیاریكراوە، پێش خەرجكردنی هەر خەرجییەكی دیكە.
 
تەممووزی ساڵی رابردوو مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراق کرا، لەوبارەیەوە ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "هەموارکردنی ئەم یاسایە هیشتا کۆتایی نەهاتووە، لە حوزەیرانی 2024ەوە ئەنجوومەنی وەزیران بە نوێنەرایەتی دامودەزگاکا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک پێکهێندراوە، بەڵام هێشتا کارەکانی ئەم لیژنەیە بە ئەنجام نەگەیشتووە."
 
نەرمین مەعرووف دەڵێت: "ئەمڕۆ وەزیری دارایی دووپاتی کردەوە ئەم بابەتە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و هەندێک پرسی هەڵواسراو لە نێوان هەردوو لادا هەن، بەڵام ئێمە وەک لیژنەی دارایی داوامان کردووە هەموار بکرێت و چاوەڕێ دەکرێت لە دانیشتنی سبەی یەکەم خوێندنەوە بۆ ئەم هەموارە بکرێت و پێشنیاز کراوە تەمەنی خانەنشنی بگەرێتەوە بۆ 63 ساڵ لەبری 60 ساڵ."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە و رۆژی 8ـی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەیەکی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد: ''حکومەتی فیدراڵ پابەند نەبووە بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی  2024 و چاوەڕوانین تەواوکاریی مووچەی مانگی 12ـمان بۆ بنێرێت."