هەڵاوسان لە ئەمریکا بە ئاستێکی زیاتر لە پێشبینییەکان بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەڵاوسان لە ئەمریکا بە ئاستێکی زیاتر لە پێشبینییەکان بەرزبووەوە، ئەوەش گوشار لەسەر بانکی ناوەندیی وڵاتەکە زیاد دەکات.
وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، 11.1.2024 رایگەیاند، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023ـدا هەڵاوسان لە ئەمریکا لەسەر ئاستی ساڵانە گەیشتووەتە 3.4٪؛ "ئەم ئاستە زیاترە لە پێشبینییەکان کە شارەزایان پێشبینیی 3.2٪ـیان دەکرد."
لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا، هەڵاوسان لە ئەمریکا 3.1٪ بوو. هەڵاوسانی بنەڕەتی کە سەرجەم کاڵاکان جگە لە خۆراک و وزە دەگرێتەوە، لە دوایین مانگی 2023ـدا 3.9٪ بووە.
هەرچەندە ناوەندەکان و شارەزایان پێیانوایە رەنگە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بۆ مانگێک نەبێتە هۆی پێچەوانەکردنەوەی سیاسەتە نەختییە تووندەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بەڵام کۆکن لەسەر ئەوەی گوشارەکانی سەری زیاد بکات، بەتایبەتیش لە ئەگەری زیادبوونی هەڵاوسان لە مانگەکانی داهاتوودا.
لەدوای مانگی ئاداری ساڵی رابردووەوە و بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکیی بەرزکردووەتەوە و، ئێستا رێژەکە 5.50٪ـیە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 20 ساڵی رابردوودا، بەتایبەتیش کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022ـدا هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتە 9.1٪، کە بەرزترین ئاست بوو لە زیاتر لە 40 ساڵی رابردوودا.
رۆژی 13.12.2023، دوای راگەیاندنی دەستکارینەکردنی سوودی بانکی، بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بڕیارەکە بوار بە سیاسەتداڕێژەران دەدات ئەو مەودایە دیاری بکەن کە پێیان گونجاوە بۆ "هەر" تووندکردنەوەیەکی سیاسەتی نەختینەیی.
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دوای بڕیارەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت، زیادکردنی وشەی "هەر" کە لە بڕیارەکانی پێشووی بانکەکەدا نەبووە، وەک "دانپێدانانێک دانراوە کە پێمانوایە رەنگە گەیشتبینە لوتکەی زیادکردنی سوودی بانکی، یاخود لێی نزیکبووینەتەوە".
پاوڵ نەشیشاردەوە کە سیاسەتداڕێژەران باسوخواسی "کاتی گونجاو"ـیشیان کردووە بۆ ئەوەی بانکەکە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکات.
زۆرینەی ناوەندە ئابوورییەکان و شارەزایان پێشبینی دەکەن، لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات.
بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، مەترسیی دواخستنی کەمکردنەوەی سوودی بانکی زیاد دەکات.