بانکی ناوەندیی عێراق بۆ بانکەکان: بە زووترین کات دۆلاری کاشتان بۆ دابیندەکەین

11-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بانکی ناوەندیی عێراق داوا لە بانکەکان دەکات پێویستیان بە چەند دۆلارە دیاری بکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات بۆیان تەرخانبکرێت.
 
لەوبارەیەوە، پسپۆڕێکی ئابووریش دەڵێت، "حکومەتی عێراق دەیەوێت ئەم ساڵ بەهای دینار بەرزبکاتەوە و جیاوازی لەنێوان بەهای دۆلار لە بازاڕ و بانکی ناوەندیی نەمێنێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-1-2024، بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا کە ژمارە 12/1/164ـی هەیە و ئەمڕۆ بە واژۆی عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکەکە ئاڕاستەی بانکەکان کراوە، داوایان لێدەکات لە بڕی پێویستیی دۆلاری کاش ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی "ئەو بڕەی پێویستە بە زووترین کات بۆتان دابینبکرێت."
 
مەحموود فایز شمەری، شارەزای ئابووری، لەبارەی نووسراوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حکومەتی عێراق دەیەوێت هەموو کارێک بکرێت لەپێناو بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلار و لەو پێناوەشدا چەندین رێکاری گرتووەتەبەر و بەردەوام دەبێت، بەپێی پێشبینییەکان چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ بەهای دیناری عێراق بەرامبەر بە دۆلار بەتەواوەتی جێگیر بێت و هیچ جیاوازییەک لەنێوان بەهای دۆلار لە بازاڕ و بانکی ناوەندی و بازاڕی هاوتا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا نەمێنێت."
 
ساڵی رابردوو بەهای دیناری عێراق بەرامبەر بە دۆلار هەڵبەز و دابەزێکی زۆری بەخۆوە بینی، چەند رۆژێک 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 170 هەزار دینار بوو، بەڵام دواتر دابەزی و ئێستا بەهای 100 دۆلار بە نزیکەی 153 هەزار دینارە.
 
 ئەو رۆژانەی دەوامی فەرمی هەبێت بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی، واتە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام ئاڵوگۆڕکارانی دراو دەڵێن، ئەو پارەیە زۆرینەی بۆ دەرەوەیە و نایەتە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆیە بەهای دینار بەردەوام ناجێگیرە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە