سەرلەئێوارە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی نووسراوێکی بانکی ناوەندیی عێراقەوە، ئەمڕۆ نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لەکاتی داخستندا بۆ هەر 100 دۆلارێک، هەزار دینار بەرزبووەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11.1.2024، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 153 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
وەک حاجی سابیر دەڵێت، لەکاتی داخستنی بازاڕدا نرخی دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 152 هەزار و 900 دینار بووە.
 
هاوکات لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش، 100 دۆلار لەکاتی کردنەوەدا بە 153 هەزار و 850 دینار و لەکاتی داخستنیشدا بە 152 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-1-2024، بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا کە ژمارە 12/1/164ـی هەیە و ئەمڕۆ بە واژۆی عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکەکە ئاڕاستەی بانکەکان کراوە، داوایان لێدەکات لە بڕی پێویستییان لە دۆلاری کاش ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی بۆیان دابین بکەن.
 
حاجی سابیر دەڵێت، "ئەمە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی دینار بووە لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ. رەنگە لە هەفتەی داهاتوودا نرخی دینار زیاتر بەرزببێتەوە و ئەگەر هیچ شتێک روونەدات، رەنگە 100 دۆلار تاوەکو 152 هەزار دیناریش دابەزێت."
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 229 ملیۆن و 63 هەزار و 145 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە، 206 ملیۆن و 883 هەزار و 145 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 22 ملیۆن و 180 هەزار دۆلاریشی بە شێوەی کاش بووە. بانکى ناوەندیی عێراق لە رێگەى رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بۆ زیادکردنى مامەڵە بە یۆرۆ و لیرەى تورکى شان بە شانى دۆلار، هەوڵدەدات بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرز بکاتەوە.
 
ئەو رۆژانەی دەوامی فەرمی هەبێت بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی و 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام ئاڵوگۆڕکارانی دراو دەڵێن، ئەو پارەیە زۆرینەی بۆ دەرەوەیە و نایەتە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆیە بەهای دینار بەردەوام ناجێگیرە.