تۆیۆتا و ڤۆڵکس واگن ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمدەهێنن و رکابەری لەگەڵ تێسلا دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

دوو گەورە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی جیهان، ڤۆڵکس واگن ـی ئەڵمانی و تۆیۆتای ژاپۆنی پێکەوە 170 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئۆتۆمبێلی کارەباییدا دەکەن بۆ ئەوەی بازاڕی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە دەستی کۆمپانیای تێسلا دەربهێنن کە لەو بوارەدا پێشەنگە.
 
سەرەڕای ئەوەی بەهای کۆمپانیای تێسلا کە لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەسەر ئاستی جیهاندا زیاترین ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەفرۆشێت گەیشتووەتەوە یەک تریلیۆن دۆلار، بەڵام کۆمپانیای تۆیۆتا و کۆمپانیای ڤۆڵکس واگن لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلن لە جیهاندا.
 
بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک کە کۆمپانیای تێسلا بەرهەمی دەهێنێت، ئەو دوو کۆمپانیایە 10 تاوەکو 11 ئۆتۆمبێل بەرهەمدەهێنن، بەوپێیەش ئەمە لە بەرژەوەندیی کۆمپانیای تێسلا نابێت.
 
بڕیارە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ئەو دوو گەورە کۆمپانیایە 170 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئۆتۆمبێلی کارەباییدا بکەن. 
 
بەرزبوونەوەی نرخەکانی بەنزین لەسەر ئاستی جیهاندا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی گەورە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل لە جیهاندا رووبکەنەوە وەبەرهێنان لە بواری ئۆتۆمبێلی کارەبایی. جگە لە کۆمپانیای تۆیۆتا و کۆمپانیای ڤۆڵکس واگن، کۆمپانیای کرایسلەریش رایگەیاندووە قەبارەی وەبەرهێنانەکانی لەو بوارەدا زیاد دەکات. ئەوەش دەبێتە هۆکاری تووندبوونی رکابەری لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە هێندە ئاسان نابێت بۆ ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا.
 
بەپێی کۆمپانیای راوێژکاریی IHS، کۆمپانیای تێسلا 79٪ـی بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئەمریکا بەدەستەوەیە.

 

 
ناوەندی لێکۆڵینەوەی Pew هەروەها ئەنجامی راپرسییەکی ئاشكرا کردووە کە تێیدا دەرکەتووە 39٪ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە کە ئەگەر بەنیازی کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ بوون، ئەوا ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی هەڵدەبژێرن.
 
ناوەندەکە بە پشتبەستن بە ئەنجامی راپرسییەکە دەڵێت، ئێستا تەنیا 7٪ـی ئۆتۆمبێلەکان لە ئەمریکا کارەبایین.
 
کۆمپانیای ڤۆڵکس واگن کە بە گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل لە جیهاندا هەژماردەکرێت و ئێستا ساڵانە 280 ملیار دۆلار داهاتی هەیە رایگەیاندووە، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو 100 ملیار دۆلار ساڵانە خەرجدەکات بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی کۆمپیوتەری و تەکنۆلۆجیای ئەلیکترۆنی.
 
کۆمپانیای تۆیۆتاش کە یەکێکی دیکەیە لە گەورە بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێلی جیهانی ساڵی 2021 توانی لەڕووی فرۆشەوە یەکەم کۆمپانیای ئۆتۆمبێل بێت لە ئەمریکا و دوای 90 ساڵ پلەی یەکەمی گرتووە و کۆمپانیای جێنراڵ مۆتۆرزی ئەمریکی پاش خست، پلانی هەیە لە رێگەی وەبەرهێنانێکی 70 ملیار دۆلارییەوە، 30 جۆر ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمبهێنێت.
 
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای فیات کرایسلەریش کە ئێستا لەلایەن گرووپی ستێلانتیسەوە خاوەندارییەتی دەکرێت رایگەیاندووە، تاوەکو 2028 هەموو ئۆتۆمبێلەکانی دەکاتە کارەبایی.