د.كەمال تەیب: لەمەودوا باج لە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و گرانبەها وەردەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان، روونکردنەوە لەسەر شێوازی رێکخستنەوەی سیستمی کۆکردنەوەی باج و رسومات لە هەرێمی کوردستان دەدات و وردەکارییەکانی ئاشکرا دەکات، بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری سەرجەم بڕیارەکان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و خەڵکی هەژارە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
د.كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا روونکردنەوە لەسەر شێوازی رێکخستنەوەی سیستمی کۆکردنەوەی باج و رسومات، لە چوارچێوەی ئەو 11 بڕیارە دەدات، کە ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە دەریکردن. بە گوتەی د.كەمال تەیب یەکێک لە بڕیارە هەرە باشەکان، سەپاندنی باجە بەسەر کۆمپانیاکانی گەیاندن، بە تایبەت کۆڕەک و زین و ئاسیا، کە داهاتی ئەو باجە بە رێژەی 20٪ بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق بووە، بەڵام لەمەودوا داهاتی ئەو باجە کە مانگانە بە ملیارەها دینار دەخەمڵێندرێت بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت دەگەڕێتەوە".
سەبارەت بە بڕیاری سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت كەمال تەیب گوتی: "لە شارەکانی دیکەی عێراق باجی فرۆشراوەکان دەدرێتەوە بە حکومەتی فیدراڵ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو باجە نەدەدرا بە حکومەت، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێویستی زانی ئەو داهاتە بگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی و کۆمپانیاکانی گەیاندن رێکاری پێویست بگرنەبەر و بە زووترین کات ئەو داهاتە بگێڕنەوە بۆ گەنجینەی گشتی".
یەکێکی دیکەی لە بڕیارەکانی حکومەت پابەندکردنی کۆمپانیاکانی سکیوریتی نەوت و گازە بە پێدانی باج، لەوبارەیەوە، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان گوتی: "هەموو ئەو کۆمپانیایانە پابەند دەکرێن بەوەی باجی شایستە بدەن بە هەرێمی کوردستان، چونکە بەپێی گرێبەستەکان بە بیانووی جیاواز کۆمپانیاکانی بواری نەوت باجیان نەداوە، هاوکات کارمەندانی بیانی کە لەو بوارە کاردەکەن باجیان نەداوە، لەمەودوا دەبێت باج بدەن".
كەمال تەیب باسی لەوەشکرد کە "پێداچوونەوە بە لێخۆشبوون لە باج و دهاتەکان لە گومرگەکان دەکرێت و کۆتووبەند دەکرێن، هیچ کەسێکیش نییە پارێزبەندی هەبێت و دەبێت بەپێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان لە هەرێمی کوردستان پێویستە باج بدەن".
سەبارەت بە میکانیزمی گونجاو بۆ وەرگرتنی باجی ئۆتۆمبێلی تایبەت، كەمال تەیب دەڵێ: " حکومەتی هەرێمی کوردستان سوودمەند نییە و لەو سەرمایەی دەدرێت بەو ئۆتۆمبێلانە، بۆ ئەو بڕیارەش وەزارەتی دارایی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی دەردەکات بۆ وەرگرتنی باج لە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و ئەو ئۆتۆمبێلانەی گرانبەهان".
بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، سەرجەم ئەو بڕیارانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچوون، "لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و خەڵکی هەژارە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".