رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ گەیشتەوە نزیک ئاستی دوو هەزار و 700 دۆلار.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێر 33 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتەوە دوو هەزار و 694 دۆلار. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە دوو هەفتەی رابردوودا.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێش نرخی زێڕ لە دوو هەزار و 636 دۆلارەوە گەیشتە دوو هەزار و 670 دۆلار. بەم پێیە لە دوو رۆژدا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 57 دۆلار بەرزبووەتەوە.
بەهۆی بەرزبوونەوەکەی دوێنێوە، ئەمڕۆ نرخی زێر لە هەرێمی کوردستانیش بەرزبووەوە. ئەمڕۆ تاوەکو کاتی داخستنی بازاڕ لە ئێوارە، نرخی فرۆشتنی مسقاڵێک زێڕ بەپێی سەندیکای زێڕینگران بەم شێوەیە بوون:
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=655,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=600,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=573,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=490,000
بەهۆی بەرزبوونەوەی ئەم ئێوارەیەی نرخی ئۆنسەی زێڕیشەوە، ئەگەر هەیە سبەی نرخی مسقاڵی زێڕ زیاتر بەرزببێتەوە.
حکومەتی چین بەڵێنی داوە بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجەکانی لە گەشەی ئابووری بپێکێت دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، بانکی ناوەندیی چین لەم مانگەوە دەستی کردووە بە کڕینی زیڕ. ئەو دوو هۆکار بوونەتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ نرخی زێڕ.
ئاڵۆزییەکان و ناڕوونییەکانی پەیوەست بە بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت رەوشی سووریا هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا.
(کێلڤین وۆنگ)، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئواندا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "یەکەم جارە لە ماوەی 14 ساڵی رابردوو حکومەتی چین روو لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکات ئەوەش بازاڕەکانی ئەو وڵاتە دەبووژێنێتەوە."
هەفتەی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات.
کاژێر 16:30ـی سبەی چوارشەممەش بە کاتی هەولێر، ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی 11ـی ئەمریکا بلاودەبنەوە کە بەپێی شرۆڤەکاران، کاریگەری لەسەر ئاراستەی بازاڕی زێڕ دروستدەکەن.
لە تشرینی یەکەمدا هەڵاوسان لە ئەمریکا 2.6٪ بووە. ئەگەر بۆ مانگی رابردوو لەو رێژەکە زیاتر بێت، بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی زێڕ دەبێت، بەپێچەوانەشەوە ئەگەری زۆرە نرخەکەی بەرزتربکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ