لیرەی سووری بەرزبووەوە و تمەنی ئێرانیش لە دابەزین ریکۆردی شکاند

دوێنێ کاژێر 06:18
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهای لیرەی سووری زیاتر بەرزبووەوە. تمەنیش بۆ ئاستێکی مێژوویی دابەزی.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 10-12-2024، رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، یەک ملیۆن لیرەی سووری بە 255 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکراوە لە کاتی داخستنی بازاڕدا.
 
بەیانیی ئەمڕۆ، یەک ملیۆن لیرەی سووری بەرامبەر بە 235 هەزار دینار بووە، بەوەش ئەمڕۆ زیاتر بەرزبووەتەوە.
 
لە هەولێر بەهای لیرە کەمتر بەرزبووەتەوە؛ کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلافرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، لە بازاڕەکەی ئەوان یەک ملیۆن لیرەی سووری بەرامبەرە بە 250 هەزار دینار.
 
پێش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، ملیۆنێک لیرە بە 100 هەزار دیناری عێراقی بوو، بەڵام دوای رووخانی و لە 08-12-2024 و لیرەی سووری گەیشتە بەرزترین ئاستی چەند ساڵی رابردووی و ملیۆنێک لیرە بە 285 هەزار دینار فرۆشرا.
 
تمەن دابەزی و دینار جێگیرە
 
لەبارەی تمەنیشەوە رەوەز میرزا گوتی، ئەمڕۆ لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار بە حەواڵە بەرامبەر بە 7 ملیۆن و 300 هەزار تمەن بووە. بە شێوەی کاش [نەقد]ـیش، 100 دۆلار بەرامبەر بە 7 ملیۆن و 250 هەزار تمەن بووە.
 
رەوەز میرزا دەشڵێت، ئێستا زۆرینەی مامەڵەکانی تمەن حەواڵەیە و زۆر بە کەمی مامەڵەی کاش دەکرێت.
 
لەبارەی دیناریشەوە باس لەوە دەکات، کە جێگیرە و 100 دۆلار بەرامبەر بە 150 هەزار و 500 دینارە.
 
ئەو ئاڵوگۆڕکارە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا زۆرترین خواست لە بازاڕەکان لەسەر لیرەی سوورییە و زۆرترین مامەڵەی پێوەدەکرێت بەراورد بە دراوەکانی دیکە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە