رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکە توانیویەتی کێشەی گواستنەوەی پارە بۆ مووچە چارەسەر بکات.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ (سێشەممە، 10-12-2024) رایگەیاند "دوای سەردانی تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و، بردنی لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەم بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و، دوای هەوڵە بەردەوامەکانیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، تیمەکە توانیان سەرکەوتووانە کێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێم بۆ زیادکردنی بڕی تەرخانکراو بۆ مووچە چارەسەر بکەن."
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی، دوێنێ (دووشەممە، 9-12-2024) "لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بودجەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە، فەرمانی گواستنەوەکە دەرچوو."
ئەم راگەیێندراوە لەکاتێکدایە؛ بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى تۆڕى میدیایی رووداو؛ هەولێر و بەغدا لەسەر گواستنەوەى 430 ملیار دینار بۆ سەر پارەى مووچەى هەرێمى کوردستان رێککەوتوون، بەوەش کورتهێنانى مووچەى سێ مانگى کۆتایی ئەمساڵ چارەسەر کراوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو پارەیە لە خشتەى ژمارە 9 دەگوێزرێتەوە کە تایبەتە بە پارەى تەرخانکراوى چاودێریى کۆمەڵایەتى و بۆ ئەمساڵ بڕێک لەو پارەیە ماوەتەوە، کە بەتێکڕاى ساڵەکە زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار بووە.
وەزارەتى دارایی فیدراڵ بۆ هەریەک لە مانگەکانى 10 ،11 و 12ـی ئەمساڵ، نزیکەى 760 ملیار دیناری دیاریکردووە و یەک گوژمەى لێ ناردووە، لەکاتێکدا بەپێی وەزارەتى دارایی، هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستى بە زیاتر لە 980 ملیار دینارە بۆ مووچە بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانیشەوە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە "تیمەکەمان بەبەردەوامی لەسەر هێڵە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و گەیشتنی پارەکە بەمەبەستی چارەسەرکردن و پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچەی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دروست کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ