وەزارەتی دارایی گرێبەستی وەرگرتنی 250 ملیار دیناری قەرزی لەڕێگەی بانکی رافیدەینەوە واژۆکرد

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت گرێبەستی وەرگرتنی 250 ملیار دیناری وەکو قەرز لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە واژۆکردووە. 
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 10-12-2023) لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد ئەمڕۆ گرێبەستەکەیان واژۆکردووە بۆ وەرگرتنی بڕی 250 ملیار دیناری قەرز لەڕێگەی بانکی رافیدەین، هەروەها رایگەیاند "چاوەڕوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا پارەکە بگاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق." 
 
داواکردنی ئەو قەرزە لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، رۆژی هەینی (8-12-2023) وەزارەتەکە نووسراوێکی کردووە، تێیدا بڕیاردراوە بە پێدانی قەرزێکی 700 ملیار دیناری بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەمەرجێک ئەو بڕە پارەیە دواتر لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە پاکتاو بکرێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەو 700 ملیار دینارەیە کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی کردووە بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات. 
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.  
 
بانکی رافیدەین، بانکێکی حکومیی عێراقە و لە ساڵی 1941 دامەزراوە، 174 لقی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراقدا هەیە، پێشتر لە هەرێمی کوردستان چەندین لقی هەبوو، بەڵام لە ساڵی 1991ـەوە کارەکانی راگرت.