کشتوکاڵی دهۆک: 5,000 جووتیار کاری بەرهەمهێنانی تەماتە دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، پەتاتەی ئەم ساڵی جووتیاران نزیکەی 800 هەزار تۆن و تەماتەش 107 هەزار تۆن بووە.
 
موسڵیح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 5,000 جووتیار لە دهۆک کاری بەرهەمهێنانی تەماتە دەکەن. بەرهەمی ئەم ساڵیان 107 هەزار تۆن بوو". 
 
موسڵیح حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، بەروبوومی کشتوکاڵی لە دهۆک ئەم ساڵ بەگشتی زۆر بوو و رایگەیاند: "ئەم ساڵ 800 هەزار تۆن پەتاتە لە دهۆک بەرهەمهێندرا. بەشێکی لە کۆگاکان هەڵدەگیرێت، جگە لەوەی کە بڕێکی زۆری دەنێردرێتە شارەکانی دیکەی عێراق و لە کارگەکانی چبسیش بەکاردەهێندرێت".
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی 245 هەزار و 788 تۆن بەرهەمی خۆماڵی دهۆک نێردراوەتە شارەکانی دیکەی عێراق.
 
زۆربەی ئەو بەرهەمەی هەناردە کراوە بریتی بووە لە پەتاتە، پیاز، تەماتە و خەیار، بەڵام ناردنی بەروبوومەکە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق جاروبار لە بازگەکانی عێراق رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە. 
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک گوتی، "ئەگەر کێشەی بازگەکان نەبوایە، دەمانتوانی بەرهەمی زیاتر بنێرینە شارەکانی دیکەی عێراق".
 
گەنم لە ریزبەندی یەکەمی ئەو بەرهەمانەیە لەو پارێزگایە بەرهەمدەهێنرێت و ساڵانە نزیکەی 900 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم دەچێنرێت و بەرهەمی ساڵانەی دەگاتە نزیکەی 800 هەزار تۆن. 
 
بە گوتەی موسڵیح حەسەن، "دهۆک لە گەنمیش نادادی بەرامبەر دەکرێت و عێراق هەموو گەنمەکەی وەرناگرێت. ئەم ساڵ جووتیاران ناچار بوون بەشێکی گەنمەکانیان هەرزان فرۆش بکەن یان وەک ئالیک بیدەن بە ئاژەڵەکانیان".