پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رووداو: دەستکاریی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار ناکەین


رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هیچ جۆرێک دەستکاریی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار ناکەن و ئەو نرخەی ئێستا هەیە، تاوەکو چەند ساڵێکی دیکە بەردەوام دەبێت. 
 
لە دوبەی کۆنفرانسی IBBC بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان و وەبەرهێنان لەنێوان بەریتانیا، عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تیمی رووداویش بەشدارن و رووماڵی کۆنفرانسەکە دەکەن. لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری رووداو لە مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەپرسێت، هیچ بڕیارێکتان داوە لەبارەی دەستکاریکردنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار؟ لە وەڵامدا گوتی، "دەستکاریی نرخەکەی ناکەین."
 
لەبارەی ئەوەی تاوەکو کەی ئەم نرخەی ئێستا بە جێگیری دەمێنێتەوە؟ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، "تاوەکو چەند ساڵێکی دیکە بەردەوام دەبێت" و، بیریان لێنەکردووەتەوە کە دەستکاریی بەهای دینار و دۆلار بکەنەوە. 
 
لە کۆتایی ساڵی 2020 بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا بەهای دینار دابەزێنێت و بەهای دۆلار بەرزبکاتەوە. بڕیارەکە بە هاوئاهەنگی بوو لەگەڵ بانکی جیهانی و سندووقی نێودەوڵەتیی دراودا. لەوکاتەوە نرخی هەر 100 دۆلارێک لە 118 دیناری عێراقییەوە بۆ 145 هەزار دینار بەرزبووەوە. 
 
لە ماوەی رابردوو دوای ئەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار داوای بەرزکردنەوەی بەهای دیناریان بەرامبەر دۆلار کرد، دۆخی بازاڕەکان گۆڕانکاریی بەسەردا هات و نرخی هەر 100 دۆلارێک تاوەکو خوار 145 هەزار دینار دابەزی، بەڵام دواتر بۆ 147 هەزار بەرزبووەوە. 
 
مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەوەشی گوت کە لێدوانی سیاسی، بەرپرسان "کاریگەریی نابێت" لەسەر بڕیارەکانی بانکی ناوەندی.