وەزارەتی دارایی: هەفتەی داهاتوو مووچەی خانەنشینانی یەکەی 70 دابەش دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزیری دارایی بڕیاریداوە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە هەروەها دەڵێت، "لەسەر بنەمای گفتوگۆ و رێکەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، کە [رێکەوتنەکە ئەمەیە:] پێویستە تا کۆتایی ئەم ساڵ دۆسیەی سەرجەم خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە بکرێت و دوای وردبینی و پەسندکردنیان، دۆسییەکان رەوانەی وەزارەتی دارایی بکرێن".
 
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، "بە بڕیاری بەڕێز ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری تەمویلی مووچەی مانگی ئابی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 کرا و لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەکانیان دابەش دەکرێت".
 
لە لایەکی دیکە، هەر ئەمڕۆ، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیران بە رووداوی راگەیاند، کێشەی مووچەی خانەنشینانی یەکەی 70 چارەسەر کرا و بڕیار دراوە بە خەرجکردنی مووچەکانیان.
 
دوێنێ چوارشەممە، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "بەغدا تەنیا مانگی دوو و سێ پارەی بۆ مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70 ناردووە، لە مانگی چوارەوە یەک دینار لە بەغداوە نەهاتووە. لە چوار مانگی رابردوودا وەزیری دارایی لەسەر بەرپرسیارێتیی خۆی بڕیاری خەرجکردنی مووچەکانی داوە بە مەرجێک لە ماوەی مانگێکدا کێشەکانیان چارەسەر بکرێت، بەڵام دیارە هێشتا کێشەکانیان بەردەوامە".
 
باسی لەوەش کرد، "وەزیری دارایی هیچ ناچار نییە ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت لەکاتێکدا هیچ دۆسیەیەک، هیچ نووسراوێکیان نە لە وەزارەتی دارایی، نە لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی، نە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاری و نە لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە نییە، دەبێت ئەو بەڵگانە هەبن ئینجا مووچەکانیان خەرج دەکرێت".
 
سێ مانگە مووچەی خانەنشینی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە لە کاتی خۆیدا دابەش ناکرێت.
 
 
کێشەی مووچەی خانەنشینانی یەکەی 70 چییە؟
 
22ـی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند نوێنەرێکی خانەنشینانی یەکەی 70ی پێشمەرگە رایگەیاند، مووچەی دوو مانگی ئەو خانەنشینانە بە شێوەی سولفە خەرج دەکرێت تاوەکو بە فەرمی دۆسیەکانیان دەدەنە وەزارەتەکەیان.
 
خانەنشینانی یەکەی 70 ژمارەیان زیاتر لە 9000 کەسە و مووچەی مانگانەیان نزیکەی 4 ملیار دینارە. وەزارەتی دارایی 22ی تەممووز رایگەیاند، "مووچەی ئەو خانەنشینانە تاوەکو ئێستا نەخراونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری".
 
ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند، بەگوێرەی یاسای چاکسازی و راپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی، نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی 70 "هیچ داتا و زانیاری و دۆسییەیەکیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری نییە، بۆیە لە وەزارەتەکانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە".
 
ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەی بەرپرسیار نییە لە دواکەوتن یان نەدانی مووچەی ئەو خانەنشینانە و داوایکرد، "فەرماندەی هێزەکانی یەکەی 70 کار بکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات دۆسییەکانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان".
 
لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، هەردوو یەکەی 70 و 80 هەن. یەکەی یەکەمیان سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە و ئەوی دیکەش سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان.