جەنگ زیانی نزیکەی 20 ملیار دۆلار بە ئابووریی ئیسرائیل گەیاندووە

10-10-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جەنگی ئێستای نێوان ئیسرائیل و چەندین گرووپی چەکدار لە غەززە و لوبنان کە لە مانگی 10ـی ساڵی 2023 دەستیپێکرد، زیانی گەورەی ئابووری بەشێوەی کتوپڕ، مامناوەند و درێژخایەن لەسەر ئابووریی ئیسرائیل بەدوای خۆیدا هێناوە.

خەرجیی سەربازی
 
خەرجیی سەربازی ئیسرائیل بەپێی بودجەی 2024ـی ئەو وڵاتە 24 ملیار دۆلارە، بەڵام جەنگی ئێستا، خەرجییە سەربازییەکانی زۆر زیادکردووە. 
 
ئیسرائیل ئێستا رۆژانە لەنێوان 100 بۆ 150 ملیۆن دۆلار لە جەنگ خەرج دەکات، کە لە جووڵەپێکردنی هێزەکان و هێرشە ئاسمانییەکان و سیستمی گومەزی ئاسنین خەرج دەکرێت. بەوپێیەش مەزەندە دەکرێت خەرجیی سەربازی ئیسرائیل لە ماوەی یەک ساڵدا بۆ 36.5 تاوەکو 55 ملیار دۆلار بەرزبووبێتەوە.
 
ژێرخان
 
هێرشی گرووپە چەکدارەکان بە مووشەک بۆ سەر ژیرخانی شارەکان، بەتایبەتی تەلئەڤیڤ و ئەشکەلۆن، بەرفراوان بووە. زیانی دامەزراوەکان و ژیرخانی رێگەوبان و پردەکان لە ماوەی یەک ساڵی جەنگدا، بە 110 ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە.
 
کاریگەرییەکان بەپێی سێکتەر:
 
کەرتی گەشتیاری
 
گەشتیاری، 3٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆی ئیسرائیل پێکدەهێنێت، لەبەر جەنگ، گەشتیارانی بیانی سەردانی ئیسرائیل ناکەن. زیانی ساڵانەی کەرتی گەشتیاری ئیسرائیل بە 1.6 ملیار دۆلار مەزەندە کراوە.
 
بازرگانی و پیشەسازی
 
هێرشە بەردەوامەکان کاری بازرگانی لە باشووری ئیسرائیل و ناوەندەکانی تەکنۆلۆجیای ئەو وڵاتە پچراندووە. رێکخراوی پیشەسازیی ئیسرائیل رایگەیاندووە، بەهۆی یەک ساڵ جەنگ، زیانی 800 ملیۆن دۆلار تاوەکو 1.3 ملیار دۆلارییان بەرکەوتووە. زیانەکان لەبەر وەستانی بەرهەمهێنان و پچڕانی زنجیرەی دابینکردن بوون.
 
تەکنۆلۆجیا
 
بەهۆی جەنگەوە، وەبەرهێنان لە کەرتی تەکنۆلۆجیای ئیسرائیل کە بەشێکی گرنگی ئابووری ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت بەڕێژەی 20٪ تاوەکو 30٪ دابەزیوە. ئەوەش بووەتە هۆکاری زیانی 4.5 ملیار دۆلاری لەو کەرتەدا.
 
خانووبەرە
 
کەرتی خانووبەرەی ئیسرائیل لە بارودۆخێکی جەنگێکی وەها کە پێشبینی دەکرێت درێژە بکێشێت، 10٪ بۆ 15٪ دابەزیوە.
 
نرخەکان بەو رێژەیە دابەزیون، یەکەکانی نیشتەجێبوونیش درەنگ رادەستی کڕیاران دەکرێن. خواستیش لاواز بووە.
 
زیانی کەرتی خانووبەرە لە ماوەی یەکساڵدا بە 530 ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە.

کاریگەریی درێژخایەن:

گەشەی ئابووری
 
بەپێی ناوەندە فەرمییەکانی ئیسرائیل، تاوەکو پێش سەرهەڵدانی جەنگ، پێشبینی دەکرا ئابووریی ئەو وڵاتە 3٪ بۆ 4٪ لە 2024 گەشە بکات، بەڵام جەنگەکە گەشەی ئابووریی ئیسرائیل بەڕێژەی 1.5٪ تاوەکو 2٪ کەمدەکاتەوە. ئەمە بە واتای زیانی 6.6 ملیار دۆلار دێت لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە.
 
وەبەرهێنانی بیانی
 
پێشبینی دەکرێت قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی لە 2024 لە ئیسرائیل 30٪ پاشەکشە بکات. ئەمەش نزیکەی 7 ملیار بۆ 8 ملیار دۆلار زیان لە ئابووری ئەو وڵاتە دەدات.
 
هێزی کار
 
بانگەواز بۆ هێزی یەدەکی سەربازی کە چەندین جار روویداوە، بووەتە هۆکار بۆ نەمانی 5٪ بۆ 10٪ـی هێزی کاری ئیسرائیل لە بازاڕی کاری ئەو وڵاتەدا. زیانەکەشی لەسەر ئابووری بە 1.85 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
 
خەرجیی گشتی و قەرز
 
بۆ دابینکردنی بودجەی سەربازی و نۆژەنکردنەوەی شوێنە زیانلێکەتووەکان، حکومەتی ئیسرائیل ناچارە باج لەسەر هاووڵاتیان زیاد بکات یان قەرزبکات. قەرزی گشتی لە ئیسرائیل لە 2022 دا 70٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆی ئەو وڵاتە بووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەبەر جەنگ، قەبارەی قەرزە گشتییەکان بۆ 75٪ تاوەکو 80٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە بەرزببێتەوە.
 
کۆی زیانەکان
 
جەنگی ئێستا کە ساڵێک زیاترە درێژەی کێشاوە، زیانی 15 بۆ 20 ملیار دۆلاری بە شێوازی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ئابووریی ئیسرائیل داوە.
 
قەبارەی ئابووریی ئیسرائیل 520 ملیار دۆلارە و بە 28 ـەمین ئابووری گەورەی جیهان دەناسرێت. ئەوەی ئیسرائیلی گرینگ کردووە، داهاتی ساڵانەی تاکە لەو وڵاتە.
 
داهاتی ساڵانەی تاک لە ئیسرائیل 53 هەزار دۆلارە، کە نزیکەی 10 هێندەی داهاتی تاکە لە هەرێمی کوردستان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە