نوێنەرێکی وانەبێژان: بەبێ هۆکار شایستە داراییەکانمان راگیراوە


رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیاربوو چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژی پەروەردە بۆ مانگی حوزەیران دابەشدەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا شایستە داراییەکانیان پێنەدراوە "بەبێ هۆکار" راگیراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەلی رەئووف، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەڵێنیان پێدابووین چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژی پەروەردە بۆ مانگی حوزەیران دابەشبکەن، بەڵام تائێستا دابەش نەکراوە."
 
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ ئاماژەی بەوەدا، شایستە داراییەکانی مانگی 6ـی مامۆستایانی وانەبێژ ئامادەکرابوو، پارەکەش کرابوو بە چەک، بەڵام لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە راگیراوە و هۆکارەکەشی نازانن.
 
عەلی رەئووف گوتی: "ئەگەر ئەمڕۆ وەکو بەڵێنیان پێدابوون شایستە داراییەکانمان دابەشنەکەن، بۆ بە دەستهێنانی مافی خۆمان گردبوونەوە دەکەین."
 
25ـی ئابی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست. کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 38 هەزار وانەبێژە، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە. ئەگەر وانەبێژان وەکو گرێبەست مووچە وەربگرن، مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 18 ملیار و 200 ملیۆن دینار دەبێت.
 
بڕیار بوو مووچەی مانگەکانی شەش، حەوت و هەشت هەر وەکو وانەبێژ وەربگرن، بۆ مانگی 9ـش لەگەڵ هاتنی مووچە، یەکەم مووچەی دوای بەگرێبەستبوون وەربگرن.