سوودانی و پووتین پەرەدان بە پەیوەندییەکانی بواری وزەی عێراق و رووسیا تاوتوێ دەکەن

10-10-2023
عەلی زەڵمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رووسیا لە کرێملین پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، پێکەوە کارکردنی نێوان وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەسیان بە گرنگ ناوبرد و رایانگەیاند، ئەو پێکەوە کارکردنە وایکردووە سەقامگیری بۆ بازاڕی وزەی جیهان بگەڕێتەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 10-10-2023، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی ناسراو بە کرێملین بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاند، "ئێمە لە چوارچێوەی ئۆپێک پڵەسدا کار دەکەین و ئەو کارەش بە سەرکەوتوویی بە ئامانجی سەقامگیریی دۆخی بازاڕە جیهانییەکان دەکەین. بەشێوەیەکی گشتی، لەو کارەدا سەرکەوتوو بووین و ئومێدەوارین لە داهاتوودا لە کارکردن لەگەڵتان بەردەوام بین". 
 
ئۆپێک پڵەس بە رێکخراوی ئۆپێک، رووسیا و ژمارەیەکی دیکە لە بەرهەمهێنەرانی نەوت دەگوترێت کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هاوئاهەنگیی نێوانیان لەبواری بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتدا بۆ بازاڕەکانی جیهان زیاد بووە. رووسیا وڵاتێکی گرنگی ئۆپێک پڵەسە و نزیکەی یەک لەسەر سێی بودجەی ئەو وڵاتە لە رێگەی فرۆشتنی نەوت و گازەوە بەدەست دێت. 
 
نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانیش رۆژی سێشەممە 10-10-2023 بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی و ڤلادیمیر پووتین بە ئامادەبوونی ئەندامانی شاندی عێراق و شاندی رووسیا بەڕێوەچووە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیی دوو قۆڵی، میکانیزمی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی هاوبەش لە سەرجەم بوارە چالاکەکان بەگشتی و دۆسیەی وزە و کەرتەکانی پیشەسازیی نەوت بەتایبەتی کراوە. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوودانی و پووتین گفتوگۆیان لەبارەی کاری کۆمپانیا نەوتییەکانی رووسیا لە عێراق و وەبەرهێنانیان لەو کەرتەدا و ستراتیژییەتیان لە گەشەپێدانی ئابووریی عێراق و فرەچەشنکردنی داهاتەکان کردووە. 
 
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "بابەتە پەیوەندیدارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و دوایین پێشهاتە مەترسیدارەکانی شەڕوپێکدادان لە خاکی فەلەستینی داگیرکراو خرانە بەرباس. سەرۆکوەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی سەبارەت بە دۆزی فەلەستین راگەیاند، کە جەخت لە مافی رەوای گەلی فەلەستین لە خۆشگوزەرانی و دادپەروەری دەکاتەوە". 
 
باس لەوەشکراوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە ڤلادیمیر پووتین کردووە، رووسیا بەپەلە لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا کۆببێتەوە لەپێناو راگرتنی "دەستدرێژییە بەردەوامەکان بۆ سەر خاکی فەلەستین". 
 
لەلایەن خۆیەوە سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەکانی هەردوو وڵات کردووە و گوتوویەتی، کەرتی وزە یەکێکە لەو کەرتە هەرە گرنگانەی کە دەکرێت بەغدا و مۆسکۆ بە هاوئاهەنگی هاوبەش کارا و چالاکی بکەن. 
 
پووتین خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە بە بەشداریکردنی سوودانی لە شەشەمین گەڕی کۆڕبەندی وزەی رووسیا کە بڕیارە سبەی بەڕێوەبچێت و پێداگری لەوە کردووە کە دەرفەت هەیە بۆ فراوانکردنی پێکەوە کارکردن لە کەرتەکانی وزە، نەوت و گازی سروشتی، ئەوە بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سوودانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە