شەڕ، ئیسرائیل ناچار دەکات بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی تامار رابگرێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری وزەی ئیسرائیل رایگەیاند بڕیاریانداوە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی گازی تامار رابگرن، بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆش، روو لە بەکارهێنانی سووتەمەنییەکانی جێگرەوە دەکەن.
 
کۆمپانیای شێڤرۆن، بەکارخەری ئەو کێڵگە گازییەیە پشتڕاستیکردەوە لەلایەن وەزارەتی وزەی ئیسرائیلەوە راسپیردراون بە هەڵپەساردنی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەکە، کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و پێویستییەکانی کارگەکانی ئێسرائیل بەکاردەهێنرێت.
 
جگە لە پێداویستیی ناوخۆ، گازی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەی تامار، هەناردەی میسر و ئوردن دەکرێت.
 
هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر بەرپەرچدانەوەی لەلایەن سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ گەیشتە چوارەم رۆژ. ئەمە بە بەهێزترین هێرش بۆ سەر ئیسرائیل هەژمار دەکرێت لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا.
 
وەزارەتی وزەی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دەسەڵاتی داوە بە یسرائیل کاتز، وەزیری وزە کە حاڵەتی لەناکاو لە سێکتەری وزەی ئیسرائیل لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا رابگەیێنێت، ئەگەر پێویستی کرد.
 
کێڵگەی گازی تامار، دەکەوێتە دووریی 25 کیلۆمەتر لە شاری ئەشۆدی ئیسرائیل و لە رۆژی رووناکدا لەنێو کەرتی غەززەشەوە دەبینرێت، مەترسییەک کە لەسەر کێڵگەکەیە ئەوەیە؛ دەکەوێتە مەودای مووشەک، ئەگەر لەنێو کەرتی غەززەوە ئاراستەی بکرێت.
 
بەرهەمهێنانی ئەو کێڵگە گازییە بەپێی حکومەتی ئیسرائیل لەساڵی 2022ـدا بەڕێژەی 18٪ زیاد بووە و گەیشتووەتە 10.25 ملیار مەترسێجا.