دەقی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریداوە وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام بێت لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەند دەکات بە تەواوکردنی رێکارەکانی ژمارەی تایبەت بە کارمەندان لە وەزارەتی پلاندانان. 
 
بەپێی ئەنجوومەنی وەزیران بێت، هەر فەرمانبەرێک ژمارەی تایبەتیی خۆی دەبێت کە لە هی هیچ فەرمانبەرێکی دیکە ناکات. بۆ ئەوەش تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کاتی داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
 
هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ئەو بڕیارە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، "دەتوانین بڵێین تاوەکو مانگی 12ـی ئەم ساڵ، مووچەخۆران کێشەی مووچەیان نابێت." 

هەروەها باسی لەوەکرد، لە ماوەی ئەو چەند مانگەی ماون، هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە کاربکەن تاوەکو کێشەی لیستەکان نەهێڵن و "بیانووەکانی وەزارەتی دارایی ببڕن." گوتیشی، ئەگەر ئەوە جێبەجێ نەکەن، ئەوە ساڵی داهاتوو، کێشەی مووچە جارێکی دیکە دەبێتە سەردێڕی هەواڵەکان.
 
بەپێی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە هەفتەی داهاتووەوە دەبێت وەزارەتی دارایی عێراق دەست بکات بە خەرجکردنی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و مووچەی مانگی ئەیلوول.
 
پێشتر بەغدا مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی ناردبوو، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەممووزی پێ دابەش کرد، چونکە مووچەی مانگی تەممووزی نەناردبوو. 
 
دەقی بڕیارەکە: 
 
بەردەوامبوونی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستانی عێراق کە بێبەش کرابوون لە وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی نەبوونی ژمارەی وەزیفی، بە مەرجێک حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بە تەواوکردنی رێکارەکانی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانە لە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی بە گوێرەی هەمان رێکاری پەیڕەوکراو بۆ فەرمانبەرانی دیکەی عێراقی، بە مەرجێک کۆتایی ساڵی 2024 دوا وادە بێت بۆ ئەم مەبەستە. بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ ژمارە 229 ساڵی 2022 لەسەر فەرمانگەکانی خەرجیی لە هەرێمی کوردستان لە عێراق جێبەجێ دەکرێت لە رێکەوتی 1ـی کانوونی دووەمی 2025 ـەوە.
 
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت کە 10-9-2024ـە. 

 

بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەبارەی پرسی مووچە 

 

 

جگە لە پرسی مووچە، ئەو بڕیارانەی دیکە کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە، "ئامادەکردنی کەلوپەل و ئامێری پزیشکیی پێویست بۆ ناوەندی چارەسەریی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و چاندنی مۆخی ئێسک لە پارێزگای دهۆک، لەگەڵ زیادکردنی تێچووی پڕۆژەکە."

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها رێکاری دامەزراندنی دەرچووانی کۆلیژە پزیشکی و تەندروستییەکانی پەسندکرد، بەشێوەیەکی هەنگاو بە هەنگاو ئامادە دەکرێت کە زیاترە لەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە خشتەی جیمی هاوپێچی یاسای بودجەی فیدراڵی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە "رۆژی 15ی ئەیلوول بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (سڵاوی خوای لێبێت) پشووی فەرمی دەبێت."

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، "ئەو هاووڵاتییانەی تورکیا کە خاوەنی پاسپۆرتی ئاسایین و تەمەنیان لە خوار 15 ساڵ یان سەروو 50 ساڵەوەیە، ڤیزەیان لەسەر هەڵدەگیرێت، ماوەی مانەوەشیان 30 رۆژ دەبێت، ئەوەش بە پشتبەستن بە بڕگەکانی یاسای نیشتەجێبوونی بیانییەکان ژمارە 76ـی ساڵی 2017."

هەروەها ئەنجوومەنەکە رەزامەندیدا بە دابینکردنی "یەک ترلیۆن و 463 ملیار دینار بۆ هاوردە کردنی گازی ئێرانی و 619 ملیار و 68 ملیۆن دیناریش بۆ کڕینی وزە لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی."

 

 مالیک محەممەد بەشدار بووە لە ئامادەکردنی ئەم هەواڵە