بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 7ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی نیشاندا مووچە راگیراوەکان خەرج بکات؛ هاوکات مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 10-09-2024 هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا گوتی، "سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەتایبەت پێی راگەیاندم، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی نیشاندا مووچە راگیراوەکان خەرج بکات."
بە گوتەی بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری دا مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیشی خەرج بکات."
مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد؛ مووچەی مانگی حەوتیشی لەبری ئەو زیادانەی کە لە مانگەکانی 2، 3، 4، 5 و 6 هەبوون، گێڕایەوە و نەینارد، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبری مانگی حەوت (تەممووز) دابەشی کرد.
هەردوو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە دێن، کە دوو رۆژ لەمەوبەر لەنێوان هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کردیان و باسیان لە دۆسیەکانی مووچە، خانەنشینان، نیڤشکان، پیشەسازی، دەروازە سنوورییەکان و وەبەرهێنان کرد. ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئەوە بوو کە لیژنە بۆ هەموو دۆسیەکان دروستکرا.