کۆمپانیای پێڕڵ پترۆلیۆم بەڵێندەری پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەداتە دادگە

10-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی رایگەیاند، کۆمپانیای پێڕڵ پترۆلیۆم رێککارەکانی نێوبژیوانیی دژی کۆمپانیای "ئینەر فلێکس "ـی بەڵێندەری ئەندازەیی و کرێن و بونیادنانی تایبەت بە پڕۆژەی زیادکردنی بەرهەمی گازی کۆرمۆر دەستپێکردووە و دەڵێت کۆمپانیاکە نەیتوانیوە کارەکانی بکات، داوای قەرەبووکردنەوەش دەکات.
 
کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی کە لە کێڵگەی کۆرمۆری گازی لە چەمچەماڵ وەبەرهێنان لە گازی سرووشتیدا دەکات، لە راگەێیندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2024، رایگەیاند: "کۆمپانیای دانەگاز دەیەوێت پێتانڕابگەیەنێت کە کۆمپانیای پێڕڵ پترۆلیۆمی سنووردار دەستی بە رێککارەکانی نێوبژیوانیی لە دژی کۆمپانیای"ئینەرفلێکس"ـی بەڵێندەری ئەندازەیی و کرێن و بونیادنانی تایبەت  بە پڕۆژەی زیادکردنی بەرهەمەهێنانی گاز لە کیڵگەی کۆرمۆر دەستپێکردووە."
 
کۆمپانیا ئیماراتییەکە رایگەیاندووە: "لە رۆژی 19ـی ئاب، کۆمپانیای پێڕڵ پترۆلیۆم، پێڕاگەیاندنێکی فەرمیی بە کۆتاییهێنانی گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای "ئنێرفێلکس"، بڵاوکردەوە، بەهۆی لاوازیی ئەو کۆمپانیایە لە بەجێگەیاندنی ئەو کارانەی گرێبەستیان لەبارەوە کراوە و کۆتایپێهێنانەکە لە رۆژی 9ـی ئەیلوولەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە."
 
دانەگاز، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کۆمپانیای پێڕڵ پترۆلیۆم رێککارەکانی نێوبژیوانیی بەپێی گرێبەستی نێوانیان دەستپێکردووە بەمەبەستی گێڕانەوەی تێچووەکان و داواکردنی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی لاوازیی ئەدای کۆمپانیای "ئنێر فێلکس"ەوە روویداوە.
 
بەپێی راگەێیندراوەکە کۆمپانیای پێڕڵ پترۆلیۆم دەڵێت: "پابەندین بە تەواوکردنی سەرکەوتووانەی پڕۆژەکە و پاراستنی بەرژەوەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەرژەوەندییەکانی گەلی هەرێمی کوردستانی عێراق."
 
هەروەها دانەگاز باسی لەوەکردووە زانیاریی دەداتە بازاڕەکان لەبارەی رۆژی کۆتاییهاتنی پێشبینیکراوی نوێی پڕۆژەکە کە لەگەڵ هاوبەشانی لە بیرل پترۆلیۆم کاردەکات بۆ دانانی پڕۆژەکە لەسەر رێڕەوی دروستی خۆی.
 
رۆژی سێشەممە، 20ـی ئابی 2024 دانەگاز لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی 'پێرڵ پێترۆڵیۆم' بە فەرمی کۆتایی بە گرێبەستی کۆمپانیای (ئینەر فلێکس) هێناوە، کە بەڵێندەری پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆرە کە بە (KM 250) ناسراوە.
 
پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر بڕیار بوو تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواو بێت؛ قەبارەی بەرهەمهێنانی گازی کێڵگەکە لە 500 ملیۆن پێ سێجا بەرزبکاتەوە بۆ 750 ملیۆن پێ سێجا.
 
کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیۆم لە کۆمپانیای دانەگاز و هیلالی ئیماراتی و سێ کۆمپانیای ئەوروپی پێکدێت. دوو کۆمپانیا ئیماراتییەکە خاوەنی 70٪ـی پشکەکانی کێڵگەی گازی کۆرمۆرن، سێ کۆمپانیای دیکەی وزەی ئەورووپیش پێکەوە خاوەنی 30٪ـی پشکی پڕۆژەکەن.
 
پڕۆژەی KM250 لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە گوژمەی 806 ملیۆن دۆلار دروستدەکرێت، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕی 250 ملیۆن دۆلاری وەک قەرز بۆ دابینکرد کاتێک لە کانوونی یەکەمی 2020، لەلایەن کۆمپانیای ئیکستیرانی ئەمریکییەوە دەستکرا بە پڕۆژەکە. دواتر لە 2022 ئەم کۆمپانیایە لەلایەن ئینەرفلێکسەوە کڕدرا و دووبارە دەستکرا بەتەواوکردنی پڕۆژەکە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەوەندەر

کشتوکاڵی ورمێ: یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن چەوەندەر لە جووتیاران كڕدراوە

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئەم ساڵ نزیکەی یەک ملیۆن و 240 هەزار تۆن چەوەندەری بەرهەمهێندراوی پارێزگاکە لەلایەن کارگەکانی قەند و شەکرەوە کڕدراوە