کۆتایی ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی ئاب رەوانەی بەغدا دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گەنجینەکان لیستی مووچەی مانگی هەشتیان رەوانەی وەزارەتی دارایی کردووە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ بەغدا بنێردرێت، وەزارەتی دارایی داوای لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولیشی کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیستی مووچەی مانگی ئاب لەلایەن وەزارەت و فەرمانگەکانەوە ئامادەکراوە و بۆ وەزارەتی دارایی نێردراوە، بڕیارە دوای وردبینیی لە لیستەکان تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت و دواتر پارەی مووچەی ئەو مانگە خەرج بکرێت."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، وەزارەتی دارایی داوای ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولیشی کردووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئامادە ببێت، بەشێک لە دامەزراوەکان لیستەکانیان ناردووە بۆ وەزارەت.
بەپێی ئەو سەرچاوەیەی قسەی بۆ رووداوکردووە، بۆ لیستی مووچەی مانگی ئاب وەزارەتی دارایی عێراق داوای تەواوکردنی بایۆمەتریی مووچەخۆران و کۆدی فەرمانبەرانی کردووە و داوایکردووە ناوی دووبارە و کێشەکانی پێشوو لە لیستەکەدا نەبێت.
ئەمڕۆ 10ـی ئەیلوولی 2024ە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئابییان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو و دوای زیاتر لە 55 رۆژ مووچەی مانگەی تەممووزییان وەرگرت.
دوای دوو رۆژ لە دانوستانیدن ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراق و ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان، شەوی دووشەممە، 9-9-2024، راگەیێندراوی هاوبەشی هەردوولا بڵاوکرایەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاری دا بە پێشکەشکردنی راسپاردەیەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ئاڕاستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە راگیراوەکانی هەرێم [ـی کوردستان]، ئەوانەی بەهۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە".
رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بێت.