بازاڕی عێراق بۆ کاخەزە دارایییەکان: مانگی رابردوو زیاتر لە 67 ملیار پشک کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

مانگی رابردوو زیاتر لە 43 ملیار پشکی کۆمپانیاکان لە بازاڕی عێراق بۆ کاخەزە داراییەکان کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە و بەهای ئەو شمەکانە زیاتر لە 43 ملیار دینار بوون. شارەزایەکی ئابووری دەڵێت بازاڕەکە پێویستی بە پەرەپێدانی زیاترە.
 
بەپێی ئامار و ژمارەکانی بازاڕی عێراق بۆ کاخەزە داراییەکان، مانگی رابردوو بازاڕەکە 20 دانیشتنی ئاڵوگۆڕی بۆ کڕین و فرۆشتنی پشکەکانی کۆمپانیاکانی پشکداری رێکخستووە، لەو پشکەکانی 76 کۆمپانیای پشکدار ئاڵوگۆڕ کراون. کە 67 ملیار و 306 ملیۆن و 464 هەزار و 400 پشک ئاڵوگۆڕکراوە.
 
بەهای ئەو پشکانەشی فرۆشراون زیاتر لە 43 ملیار و 149 ملیۆن و 900 هەزار دینار بووە. بەپێی بازاڕەکە ئەو پڕۆسەیە لە رێگەی 11 هەزار و 758 گرێبەستی ئەلیکترۆنییەوە کراوە.
 
لە مانگی ئابدا 107 کۆمپانیای پشکداریی عێراقی لە بازاڕەکەدا هەبوون، ئەوانەی پشکەکانیان لەو مانگەدا كڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە 76 کۆمپانیا بوون، جگە لەوە 22 کۆمپانیاش هیچ ئاڵوگۆڕێک بە پشکەکانیان نەکراوە، شەش کۆمپانیاش لە ئاڵوگۆڕکردنی پشکەکانیان راگیراون کە ئەوانیش بانکەکانی شیمال، راجحیی ئیسلامی، زین ئەلعێراق، زەورا بۆ وەبەرهێنانی دارایی، خەیر بۆ وەبەرهێنانی دارایی، بەینولنەهرێن بۆ وەبەرهێنانی دارایی.
 
سەیف حلفی، شارەزای ئابووری و بازاڕە داراییەکانی عێراق، بە رووداوی گوت: "بازاڕی عێراق بۆ کاخەزە داراییەکان پێویستی بە پەرەپێدانی زیاترە، کێشەی کەمیی متمانەی وەبەرهێنەری هەیە، بەتایبەت وەبەرهێنەری بیانی، بۆیە پێویستە نەختینەی دارایی زیاتر بکرێت و عێراق نابێت کێشەی نەختینەی هەبێت، هەروەها بەهای دیناریش بەرزببێتەوە، جگە لەوەی دەبێت وەبەرهێنان لە عێراق بچێتە قۆناخێکی ئاست بەرزەوە، چونکە کەمیی وەبەرهێنەرانی بیانی ئەو بازاڕە لاواز دەکات."
 
بازاڕی عێراق بۆ کاخەزە داراییەکان لە ساڵی 2004 بەپێی یاسای ژمارە 74ـی ساڵی 2004 دامەزراوە، دەستەیەکی سەربەخۆیە لەرووی دارایی و کارگێڕییەوە، سەر بە دەستەی کاخەزە داراییەکانی عێراقە، ژمارەیەک سەکۆی هەیە کە بەشێکیان بۆ کڕین و فرۆشتنی پشکی کۆمپانیا پشکدارەکان تەرخانکراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بەهای بازاڕی ئەو کۆمپانیایانەی لەو بازاڕەدان زیاتر لە 12 تریلیۆن دینار دەبێت.