قوباد تاڵەبانی: سیستەمی پاشەکەوتی مووچە هەڵدەوەشێنینەوە
رووداو - هەولێر
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پاشکەوتی مووچە رایدەگەیێنێ، حکومەت سەرقاڵی داڕشتنی سیستەمێکی نوێی مووچەیە کە زیاتر دادپەروەری بۆ مووچەخۆران تێدایە و ئەم سیستەمی پاشەکەوتەش هەڵدەوەشێنرێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 10-9-2017، لە هەولێر قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و باس لە رەوشی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا، پرسی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و مەسەلەی شەفافیەت لە کەرتی نەوت تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بوون.
سەبارەت بە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ، ئاماژەی بەوەدا "سەرباری زۆری و قورسی قەیرانەکان، وەک حکومەت بەردەوام بووین لە هەوڵەکانمان بۆ راستکردنەوەی سیستەمی حوکمڕانی و لە ئێستادا پاش چەندین هەنگاوی گرنگی چاکسازی توانیمان هاوسەنگی راگرین لە نێوان خەرجی و داهاتی حکومەت".
لە کۆبوونەوەکەدا ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەبوو و سەبارەت بە پرسی شەفافیەت لە داهاتی نەوت گوتی "حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ گەورە کۆمپانیایەکی وردبینی نەوت کردووە بۆ ئەوەی ئەو گومانانە بڕەوێنینەوە کە لەسەر دۆسیەی نەوت هەیە و لە ئێستادا قۆناخی باشی بڕیوە لە کارەکانی".جەختیشی کردەوە "لەماوەیەکی کورتدا دەرئەنجامی باش بەدیدەکرێت لە سەر نەوت و شەفافیەت لەو دۆسیەیە".
لای خۆیانەوە پەرلەمانتارانی یەکێتیی سەرنج و تێبینی و پرسیارەکانی خۆیان خستەڕوو، جەختیشیان کردەوە کە دەبێت ئەو کۆبوونەوانە بەردەوامییان هەبێت بۆ بەرچاوڕوونی لەسەر کۆی پرسەکان، داواشیانکرد زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانی حکومەت و پەرلەمانتاران لە بەغدا بدرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر مامەڵە لەگەڵ پرسە هەستیارەکان بکرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی بوونی فشارێکی زۆری دارایی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری پاشەکەوتکردنی بەشێک لە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانیدا، سیستەمی پاشەکەوت پەستانێکی زۆری خستەسەر ژیانی مووچەخۆران و باری ئابوورییانی سەختترکرد، ئەمەش ناڕەزایەتی لەلای مووچەخۆران دروستکرد.
پاشەکەوتی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران 40% بۆ 70% ی مووچەکانیانە، لە هەرێمی کوردستان 1ملیۆن و 400 هەزار مووچەخۆر هەیە، کە پێش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی مانگانە حکومەتی هەرێم 850 ملیار دیناری بۆ تەرخانکردوون، بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی کۆی گشتیی مووچە کەمکرایەوە بۆ 450 ملیار دینار.