نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت رۆژی هەینی بەهۆی نیگەرانی لە رەوشی جیۆسیاسیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرزبووەوە و داتای نوێی ئابووری نیگەرانییەکان لەسەر سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکای رەواندووەتەوە، کە بە واتای ئەوە دێت بە ئەگەری زۆرەوە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت بە بەهێزی دەمێنێتەوە.
 
رۆژی هەینی نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 50 سەنت بەرزبووەوە بە 79 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 65 سەنت بەرزبووەوە بە 76 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی برێنت لە ئاستی هەفتانەدا بەڕێژەی 3.5% بەرزبووەوە، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بەڕێژەی 4% لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
دنیس کیسلەر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (بۆک فاینەنشیاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نیگەرانییەکان لەسەر سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا کەمیکردووە."
 
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی کاری ئەمریکا، لە مانگی 7 دا ژمارەی ئەو کەسانەی کە داوای بێمەی بێکارییان کردووە زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانییەکان کەمیکردووە، ئەوەش بەو مانایە کە رەنگە ئابووریی ئەمریکا زیاتر خۆڕاگر بێت و بەو ئاسانی نەکەوێتە ناو قۆناخی سستبوونەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە لە چین نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی رابردوودا بەرزبوونەوەیان بەخۆیەوە بینیوە، کە ئاماژەیە بۆ بووژانەوەی خواست بۆ بەکارهێنان لە نێوانیاندا بەکارهێنانی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان.