ئۆپێک دڵنیایی لە بازاڕی نەوت دەدات

10-08-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
نیشانەکردن نەوت ئۆپێک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت کە بە ئۆپێک ناسراوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10.8.2023 لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا رایگەیاند، ئاسۆکان تەندروست دیارن بۆ بازاڕی نەوت لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا.
 
گەشبینییەکەی ئۆپێک لەکاتێکدایە، نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستیدایە لەدوای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ و سعودیەش بەرهەمهێنانی ملیۆنێک بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا کەمکردووەتەوە.
 
ئۆپێک پێشبینیش دەکات، لە ساڵی داهاتوودا خواستی جیهان لەسەر نەوت بە بڕی دوو ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزببێتەوە.
 
ئۆپێک لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، ئاسۆی لایەنی تەکنیکیی تەندروستی نەوت لە نیوەی دووەمی ساڵدا، هاوشان لەگەڵ سیاسەتی پێشوەختە و خۆپارێزانەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی بازاڕ و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە هەر کاتێکدا و بەپێی پێویست، سەقامگیری لە بازاڕی نەوتی جیهان مسۆگەر دەکات".
 
رێکخراوەکە باسی لەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت گەشەی ئابووریی "پتەو" و بەرەوپێشچوونی بەردەوامیی ئابووریی چین ببنە هۆی زیادبوونی بەکارهێنانی نەوت لە ساڵی 2024.
 
گرووپی وڵاتانی ئۆپێك و وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوتی دەرەوەی رێکخراوەکە کە بە ئۆپێک پڵەس ناسراوە، لە کۆتایی ساڵی 2022 و بە مەبەستی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، دەستی بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت کرد.
 
هەفتەی رابردووش سعودیە رایگەیاند، ماوەی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت بە بڕی ملیۆنێک بەرمیلی رۆژانە تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوو درێژدەکاتەوە.
 
ئۆپێک هۆشداریش دەدات لەوەی "سەرەڕای پێشهاتە ئەرێنییەکانی ئەمدواییە، بەڵام چەند نادڵنیاییەکیش هەن لەبارەی گەشەی ئابووری لە نیوەی دووەمی 2023 و 2024 کە پێویستی بە چاودێریی هۆشیارانە هەیە، لەوانەش بەردەوامیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و پێشبینیی بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی".
 
ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی رابردوودا، نرخی نەوت زیاتر لە 10 دۆلار بەرزبووەوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە سەرەتای مانگی تەممووزدا بۆ هەر بەرمیلێک 75 دۆلار بوو، بەڵام لە دوایین رۆژی ئەو مانگەدا گەیشتە سەروو 85 دۆلار.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە