رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی فاو دەڵێت، نرخی برنج لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە 12 ساڵی رابردوودا. ئەمە لەکاتێكدایە لە ئاسیاش نرخی گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە 15 ساڵی رابردوو.
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە فاو ناسراوە، رۆژی پێنجشەممە، 10.8.2023 راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە مانگی تەممووزدا پێنوێنی نرخی برنج 2.8٪ و بۆ 129.7 خاڵ بەرزبووەتەوە.
فاو دەڵێت، نرخی برنج بەراورد بە هەمان مانگی رابردوو 19.7٪ بەرزبووەتەوە و ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی برنجە لەدوای مانگی ئەیلوولی 2011ـەوە.
بەپێی راپۆرتەکەی فاو، نیگەرانییەکان لەبارەی کاریگەریی شەپۆلی گەرمای نینۆ لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری سەرەکیی برنج کە هۆی سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی، بەتایبەتی لە هیندستان تایلاند کە یەکەم و دووەم گەورەترین هەناردەکاری برنجن لە جیهاندا.
راپۆرتەکەی فاو لەکاتێکدایە، نرخی برنج لە ئاسیا بۆ بەرزترین ئاست لەدوای ساڵی 2008ـەوە بەرزبووەوە.
بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی هەناردەکارانی برنجی تایلاند، کە رۆژی چوارشەممە، 9.8.2023 بڵاوکراونەتەوە، نرخی برنجی سپی تایلاندی کە پێوەری نرخی برنجە لە ئاسیا، بۆ 648 دۆلار بۆ هەر تۆنێک بەرزبووەتەوە. بەوەش کۆی بەرزبوونەوەکەی گەیشتە نزیکەی 50% لە ماوەی ساڵی رابردوودا.
برنج پێکهاتەیەکی سەرەکیی خۆراکە بەتایبەت لە ئاسیا و ئەفریقا؛ بەرزبوونەوەی نرخەکەشی دەتوانێت گوشارەکانی هەڵاوسان زیادبکات و نرخی هاوردەشی لە لایەن وڵاتانەوە بەرزبکاتەوە.
دوایین مەترسی لەسەر بەرهەمی برنج لە تایلاندەوە دێت کە دووەم گەورەترین هەناردەکاری برنجە لە جیهاندا و، حکومەتی ئەو وڵاتە هانی جووتیاران دەدات ئەو بەرهەمانە بچێنن کە پێویستیان بە ئاوی کەمترە، لەکاتێکدا وڵاتەکە خۆی بۆ بارودۆخی وشکتری کەشوهەوا لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلی گەرمای نینۆ ئامادە دەکات.
ئاستی بارانبارین لە ناوچە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنەری برنج لە تایلاند بە رێژەی 40% کەمترە لە رێژەی ئاسایی.
حکومەتی تایلاند پێشتریش داوای لە جووتیاران کردبوو کە ئەمساڵ تەنها یەکجار بەرهەمی برنجەکەیان بدوورنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، 20ـی مانگی رابردوو، هیندستان هەناردەی برنجی سپیی قەدەخەکرد و بڕیارەکەش دەستبەجێ جێبەجێکرا.
حکومەتی هیندستان رایگەیاندبوو، "بەمەبەستی دڵنیابوون لە بەردەستبوونی گونجاوی برنجی سپی جگە لە جۆری بەسمەتی لە بازاڕی هیندستان و کەمکردنەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕی ناوخۆدا، حکومەتی هیندستان سیاسەتی هەناردەی هەموارکردووەتەوە".
برنج خۆراکی سەرەکیی زیاتر لە سێ ملیار کەسە لە جیهاندا و نزیکەی 90٪ـی لە کیشوەری ئاسیا بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام شەپۆلی گەرمای نینۆ کاریگەریی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان داناوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، نرخی فەردەیەکی 45 کیلۆیی برنج ئەمساڵ لە بۆرسەی جیهانی مادە خۆراکییەکان، بە رێژەی 20٪ بەرزبووەوەتەوە و گەیشتووەتە سەرووی 18 دۆلار.
رۆژی 24ـی نیسانی ئەمساڵ، حکومەتی تایلاند رایگەیاند، بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک، عێراق گەورەترین هاوردەکاری برنجی وڵاتەکەیە، بە جۆرێک لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا دوو ملیۆن تۆن برنجیان هەناردە کردووە کە تەنیا عێراق 16.4%ی هاوردەکە پێکدەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ