رووداو دیجیتاڵ
گەڵف کیستۆن، یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی بواری نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، دەڵێت، لە کێڵگەی شێخان دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووەتەوە و بە پاڵاوگەکانی نێوخۆی دەفرۆشن و هێشتا پێیانوایە راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان کاتییە. دەشڵێت، 151 ملیۆن دۆلاری شایستەی مانگی 10ـی پار تاوەکو مانگی سێی ئەمساڵیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەڵف کیستۆن دەڵێت، "هەرچەندە هیچ وادەیەکی فەرمی دیاری نەکراوە، بەڵام هێشتا لەو بڕوایەداین کە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێدانی شایستە داراییەکانی فرۆشتنی نەوت لە کاتی خۆیدا دەستپێدەکاتەوە".
هاریس راشیگەیاندووە، "لەکاتێکدا دانوستاندنە سیاسییەکان [بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت] بەردەوامن، سەرنجی ئێمە لەسەر ئەوەیە ئەوەی لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەیە بیپارێزین لەگەڵ لایەنی نەختینەیی".
ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، "خۆشحاڵین بەوەی لە مانگی تەممووزدا لە نێوخۆ نەوتمان فرۆشتووە و بەشێکی بەرهەمهێنانمان لە کێڵگەی شێخان دەستپێکردووەتەوە". گوتیشی، "لە 19ـی تەممووزەوە و بە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەستمان بە فرۆشتنی نەوت لە نێوخۆدا کردووە و تاوەکو 31ـی تەممووز رۆژانە چوار هەزار و 900 بەرمیل نەوتمان فرۆشتووە. لە مانگی ئابیشەوە تائێستا بە تێكڕا رۆژانە 11 هەزار و 700 بەرمیل نەوتمان لە رۆژێکدا فرۆشتووە و پارەکەشمان پێشەکی وەرگرتووە بەپێی گرێبەستەکانی هاوبەشی بەرهەمهێنان".
بەڕێوەبەرەکەی گەڵف کیستۆن دەشڵێت، "هەرچەندە نرخ و قەبارەکەی پێشبینی ناکرێت، بەڵام چالاکانە بەدوای دەرفەتی زیاتری فرۆشتنی ناوخۆیی دەگەڕێین. لە هەمان کاتدا، بەردەوام دەبین لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانمان".
گەڵف کیستۆن لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "دوای راگرتنی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی جەیهان لە 25ـی ئاداری ئەمساڵ، هەناردەی نەوت لە کێڵگەی شێخان وەستاوە و لەدوای وەرگرتنی 26 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار وەک شایستەی مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو لە 9ـی ئاداری ئەمساڵەوە، هیچ شایستەیەکی داراییمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە".
لەبارەی بڕی شایستە داراییەکانیشی لای حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکردووە، "بڕی 151 ملیۆن دۆلارمان لای حکومەتە کە شایستەی مانگی تشرینی یەکەمی 2022 تاوەکو ئاداری 2023ـیە".
کۆمپانیاکە راشیگەیاندووە، پەسندکردنی بودجەی سێ ساڵی عێراق، پێشڤەچوونێکی گرنگە بە ئاراستەی دروستکردنی چوارچێوەیەک بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کە لە بەرامبەر ناردنی بەشەبودجە، لەلایەن بەغداوە دانی پێدا نراوە.
گەڵف کیستۆن باسی لەوەشکردووە، لە کاتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە کە گواستنەوەی بودجە بە شێوەیەکی بەرفراوان خەرجییەکانی مانگانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕبکاتەوە، لەوانەش قەرزە بەردەوامەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری، هەندێک لایەنی جێبەجێکردنی تەواوەتی بودجە و دیاریکردنی بڕی گواستنەوەی مانگانە بە ناڕوونی ماونەتەوە و بابەتی دانوستاندنە بەردەوامەکانی نێوان کوردستان و عێراقن.
بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڵف کیستۆن و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی بواری نەوتی دڵنیاکردووەتەوە کە لە کوردستان کاردەکەن بەوەی رێز لە گرێبەستەکانی شێوازی هاوبەشیکردنی بەرهەمهێنان دەگیرێت و شایستە داراییەکانیان پێدەدرێت.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا کۆمپانیاکە دەڵێت، لە مانگی تەممووزەوە خەرجییەکانمان بۆ نزیکەی شەش ملیۆن دۆلار کەمکردووەتەوە و هەروەها لەم مانگەدا ئامارەکانی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بڵاودەکەینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ