بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی؛ 100 دۆلار بە زیاتر لە 152 هەزار و 500 دینارە

10-08-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و 100 دۆلار لە بازاڕەکانی دراوی هەولێر و سلێمانی بە زیاتر لە 152 هەزار و 500 دینارە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 10.8.2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی هەولێر، 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار بوو، دواتر بەهای دینار بەرزبووەوە 100 دۆلار گەیشتە 151 هەزار و 800 دینار، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار دابەزی و 100 دۆلار بە 152 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
حاجی سابیر دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، کەمیی فرۆشی کاشە بە دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە. گوتیشی، ئێستا بازاڕ زیاتر لە خواست و خستنەڕوو بەندە.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر گوتیشی، ئەگەر ئەمریکا سزای بانکی زیاتر لە عێراق نەدات، هێواش هێواش بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزدەبێتەوە. باس لەوەشدەکات، دەنگۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی دابەزینی بەهای دینار، کاریگەریی نەرێنییان دروستکردووە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 210 ملیۆن و 405 هەزار و 522 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ 174 ملیۆن و 125 هەزار و 522 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و، 36 ملیۆن و 280 هەزار دۆلاریشی بەشێوەی کاش بوو.
 
هاوکات، جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا لە سلێمانی، 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 152 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
جەبار گۆران بەهەمان شێوە هۆکاری دابەزینی بەهای دینار بۆ کەمیی فرۆشی کاش دەگێڕێتەوە کە ئەمڕۆ نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار کەمتر بوو بەراورد بە دوێنێ چوارشەممە.
 
گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی پێشیوایە، بە ئەگەری زۆرەوە رۆژی یەکشەممە بانکی ناوەندی فرۆشی دۆلار بە شێوەی کاش زیاد دەکات و دەشڵێت، ئەگەر وابێت، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزدەبێتەوە.
 
گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی دەشڵێت، ئەگەر بڕیارەکانی بانکی ناوەندی لە پێدانی مانگانەی 100 هەزار دۆلار بە بازرگانە بچووکەکان و پێدانی دۆلار بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزدەبێتەوە و "بە تەواوی سەقامگیر دەبێت".
 
بەپێی نووسراوێکی فەرمانگەی چاودێریی ئاڵوگۆڕی دراو لە بانکی ناوەندیی عێراق، کە بە ژمارە 9/5/419 لە رۆژی یەکشەممە، 23-7-2023 ئاراستەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی"A ، B" بە ناونیشانی" میکانیزمەکانی راکێشانی پارەی کاش" کردووە، بڕیاردراوە هەفتانە دۆلار بەو کۆمپانیایانە بدات.
 
هۆکاری ئەمدواییەی دابەزینی بەهای دینار دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی ئەمریکا کە 19ـی مانگی رابردوو مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقی قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردن، کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە سزای ئەمریکایان لەسەرە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە